KMMK:
یەکشەممە 6ی ڕەزبەری2720ی کوردی، زانیارییەک لە مەڕ چارەنووسی”جافر حەسەنزادە” کوڕی ئیسمایل، 49 ساڵ تەمەن هاوڵاتی خەڵکی پیرانشار، کە لە ڕێکەوتی11ی گەلاوێژی ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو نییە.
بە گوێرەی هەواڵەکە؛ ناوبراو ڕۆژێک دوایی دەستبەسەری و لە ڕێکەوتی 12 ی گەلاوێژ، لە دوایی ئەشکەنجە و لێدانی لە گرتووخانەی ئەمنییەتی سپا، بۆ نەخۆشخانەی عارفیان لە ورمێ گونزرابوویەوە.
لەو دەمەوە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، سەرەڕای بە دواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی بۆ ناوەند قەزایی و ئەمنییەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە شارەکانی پیرانشار و ورمێ، هێشتا زانیارییەکی ورد لە پێوەندی لە شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو دەرنەکەوتووە.
شیاوی باس کە ئەو تۆمەتەی لکێنراوەوە بەم هاوڵاتییەو هاریکاری لە گەڵ یەکێک لە حیزبە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و لە مافی هەبوونی پارێزەریش بێبەری کراوە.
بە پێ داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە بە هەژماری ئەم حاڵەتەوە 172 هاوڵاتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان