مەریوان: پاش 23 مانگ دەستبەسەری هاوڵاتییەک هێشتا بێ سەر وشوێنە

KMMK: ‌‌‌‌

فەرید پەژوهی 26 ساڵ تەمەن خەڵکی مەریوان، ڕۆژی سێشەممە 8ی خەزەڵوەری 2718ی کوردی، خاوەنی دوکان فرۆشتنی موبایل، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواسترابوو.

بە گوێرەی هەواڵەکە ناوبراو بە تۆمەتی هاوریکاری حیزبە کوردییەکانی دژبەری دەسەڵاتی ئێران دەستبەسەر کراوە.
بە پێی کوتەی هاوڕێکانی فەرید پەژووهی دەمەدەمی بەرەبەیانی، فەرید له ماشێنی هاوڕێیەکی دادەبەزێ و لەو کاتەوە نەگەڕاوەتەوە بۆ ماڵ و هیچ زانیارییەکی ڕوونیش بە دەستەوە نییە و دابەزینی ناوبراویش لە کامێرای (مەدار بەستە) تۆمار نەکراوە.
وێڕای بەدوادچوونی بنەماڵە و هاوڕێکانی تەنیا توانیویانە بە شێوەی زارەکی لە زمانی کەسانێکەوە هەندێ سەرەداو دەست بخەن بەڵام ناوندە ئەمنییەکان ڕەتی دەکەنەوە، بۆ وێنە ناوەڕاستەکانی مانگی سەرماوەزی هەمان ساڵ لەگەڵ کەسێک کە خەڵکی سرێش ئاوای قوروەیە و پێوەندی لە گەڵ ناوەندە ئەمنییەکاندا هەیە پاش وەرگرتنی ناونیشان و کۆدی نەتوەیی، پێوەندی گرتەوە و کوتی ناوبراو بە هۆکاری ئەمنییەتی دەستبەسەر کراوە و لای ئەو ناوەندانەیە. هەروەها کوڕی مستەفا شێرزادی ئیمامی جەماعەتی مەریوان لە زمانی باوکیەوە کوتی: فەرید زیندووە و سەرۆکی ئیتلاعاتی حکوومەت لە مەریوان بە ناوی خەیرخاە بە باوکمی کوتووە ناوبراو دەستبەسەر و بۆ ڵێپرسینەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەت لە شاری ســنە ڕاگواستراوە. هەروەها 18ی گەلاوێژی ئەوساڵە سەروان عەتا نادری بەرپرسی ئیدارەی ئاگاهی حکوومەت لە مەریوان کە هەنووکە لە دێولانە بنەماڵەکەی بانگهێشتی شوێنی کارەکەی دەکات و دەڵێ پەرۆش مەبن هەواڵی خۆش ئەوەیە کە فەرید زیندووە بەڵام ئێمە ناتوانین کارێک بکەین چون لە پارێزگاوە پێیان کوتووین کە بابەتەکە ئەمنییە و پێوەندی بە ئێمەوە نییە.
هەروەها دادگوستەر شاری مەریوان پێیانی ڕاگەیاندووە کە تەنیا لە حاڵەتی وەرگرتنی نامەی فەرمی لە لایەن ئیدارەی ئاگاهی ـیەوە دەتوانن بەدواداچوونی بۆ بکەن بەڵام کاتێک بەدواداچوون دەکەین هەموو شت ڕەت دەکەنەوە.
لە لایەکی ترەوە یەکێک لە هاوڵاتیانی دەستبەسەر کراوی خەزەڵوەری 2718ی کوردی، بە ناوی ” ئەریوان شەعبانی ” خەڵکی مەریوان هەر ئەوساڵە پاش ئازادی بە دانانی بارمتە سەردانی بنەماڵەی فەرید دەکات و دەڵێ: ” لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەت لە سنە، فەرید لە ژوورێکی تاکەکەسی لە تەنیشت ژوورەکەی من ڕاگیرابوو و ئێمە پێکەوە ئاخاوتنمان هەبوو و ناونیشانی خۆی پێ کوتم و داوای لێکردم کە هەواڵی دەستبەسەری بگەیەنم بە ئێوە.

شیاوی باسە و بە پێی ئەو باڵگە و دیکۆمێنتانە فەرید پەژووهی لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی حکووومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و لە ماوەی ئەو 23 مانگ بێ سەرو شوێنییە مەترسی کوژران و نەمانی لە ئارادە هەیە و بۆیە ئێمە وەکوو کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە هەموو ناوەندە مافی مرۆڤییەکان و لایەن پێوەندیدارە جیهانییەکان دەکەین بەرانبەر بەم ناڕوونییەی دۆخ و چارەنووسی ئەم گەنجە هەڵوێست بنوێنن و لەوە زێدەتر بنەماڵەکەی وەیلان و چاوەڕوان نەمێننەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان