KMMK:
“موژگان کاووسی” و ” سەکــینە پەروانە” دوو زیندانی سیاسی ژنی کورد بەندکراو له زیندانی ئێڤینی حکوومەتی ئێران لە تاران دەستیان دایە مانگرتن لە خواردن.
موژگان کاووسی، نووسەر و توێژەری کوردی خەڵکی کەلاردەشت لە ناڕەزایەتی دژی ئەرێنی نەکوتن بە داواکاری مەرەخەسی و هەڵاواردنی ڕەگەزی لە دابەشکردنی کاتی پێوەندی تلەفوونی لە بەندی ژنان دەستی دایە مانگرتن لە خواردن.
دەکوترێ مافی پێوەندی تلەفوونی لە بەندی پیاوانی زیندانی ئێڤین بێبەربەست بووە بەڵام بۆ ژنانی زیندانی بەربەستی نیو کاتژمێری لە هەر حەوتوویەکدا هەیە. لە هۆکاری مانگرتنی سەکــینە پەروانە زانیارییەک دزەی نەکردووە.
موژگان کاووسی لە ڕێکەوتی ٢٧ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو لە ماڵی خۆی لە نەوشەهر دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەی سازمانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ساری ڕاگواسترا.
ناوبراو ڕۆژی١٩ی سەرماوەز بۆ زیندانی نەوشەهر گوازرایەوە. ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی سەرماوەز لە زیندانی نەوشەهر بۆ دادگای ئینقلابی حکوومەت لەو شارە ڕاگوازراو ۶٩ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنرا. پاشان بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. دادگای پێداچوونەوە حوکمی ۶٩ مانگ زیندانی موژگان کاووسی، نووسەری کورد کە پێشتر لە لایەن دادگای ئینقلابی نەوشەهرەوە دیاری کرابوو بۆ ٧۶ مانگ و نیم هەڵیکشاند.
ناوبراو لە ڕێکەوتی ٣٠ی گوڵان بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی ٣ ساڵ زیندان لە نەوشەهر دەستبەسەر و ڕەوانەیزیندانی ئەو شارە کرا، و لە سەرەتاکانی پووشپەڕ بۆ زیندانی ئێڤینی حکوومەت لە تاران ڕاگوازرا.
سەکینە پەروانە پێش لەمە بە دەرکردنی نامەیەک لە ڕێکەوتی ۵ی پووشپەڕ ڕەوتی دەستبەسەری و ئەو ئازار و ئەشکەنجانەی کە لە سەردەمی زیندان ئەزموونی کردبوو شرۆڤە کردبوو.
بە پێی کوتەکانی ناوبراو ڕایەدارانی ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتاکانی پاییزی ٢٧١٩ی کوردی، ناوبراویان بە بیانووی چاوپێکەوتن لە گەڵ بنەماڵەکەی لە شاری سلێمانیە لە باشووری کوردستان دەستبەسەر و بۆ ئێرانیان گەڕاندەو.
سەکینە پەروانە ماوەی ١٠ ڕۆژی لە گرتووخانەکانی حکوومەت لە مەریوان و ســنە تێپەڕاندووە و لە کۆتاییدا ناوبراویان بۆ زیندانی ئێڤین گواستەوە. ناوبراو خولی دەستبەسەری خۆی لە گرانترین دۆخی لێپرسینەوە هاوڕێ لە گەڵ ئەشکەنجەی جەستەیی لە زیندانی ئێڤین تێپەڕاندووە.
پارێزەری سەکینە پەروانە، پەیام دوڕئەفشان کە ئەویش هەنووکە لە دەستبەسەر و لە گرتووخانەدایە، لە ڕێکەوتی ۵ی جۆزەردانی ئەمساڵ هەواڵی ۵ ساڵ زیندانی تەعزیری و ٣ ساڵ قەدەغەکردنی ئەندامەتی لە گرووپە سیاسیێەکان بە تۆمەتی” ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییە دژبەرەکانی دەسەڵاتی ئێران بە ئامانجی تێکدانی ئەمنییەتی وڵات” بۆ پارێزراوەکەی دا.
سەکینە پەروانە خاکەلێوەی ئەمساڵ لە بەندی ژنانی ئێڤین دەستی دابوویە کێشانی ئاڵای هەرێمی کوردستان و نووسنی درووشمم بە قازانجی یەکێک لە حیزبە کوردیێەکان. ئەم هەوڵەی سەکینە پەروانە بوو بە هۆی دژکردەوەی گرانی هێزە ئەمنییەکانی زیندان تا ئاستێک کە ئەم زیندانییە سیاسییەیان بە سوکایەتی و ئەشکەنجەو بۆ نەخۆشخانەی دەروونی ئەمین ئاوای شاری ڕەی گواستەوە.
ئەم زیندانییە سیاسییە پاش ٢۵ ڕۆژ ڕاگرتنی لە بەندی کەرەنتینەی زیندانی قرچەکی وەرامین گوازرایەوە. لە ڕێکەوتی ۶ی گەلاوێژی ئەمساڵ حوکمی دوو ساڵ زیندانی بە تۆمەتی” تێکدانی ئاسایشی زیندان” بەم زیندانییە سیاسییە لە زیندانی ئێڤین پێی ڕاگەیەندرا.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان