سەنقوڕ و کولیایی: ئەمیر بیگوەند بانگهێشتی پۆلیسی ئەمنیەت کرا و لێپرسینەوەی لێ کرا

KMMK:

چوار شەممە ٢٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ی کوردی، ئەمیر بیگوەند، شارۆمەندی خەڵکی شاری سەنقوڕ و کولیایی لە پارێزگای کرماشان بانگهێشتی پۆلیسی ئەمنیەتی ئێران لەو شارە کرا و بە هۆی بڵاوکردنەوەی رەخنەگرانە لە پەیجی تایبەتی خۆی لێپرسینەوەی لێکرا.

ئەمیر بیگوەند، ٢٩ ساڵانە و دانیشتوی شاری سەنقوڕ و کولیاییە و بەرپرسی کاناڵی تێلگرامی سەنقوڕ ئانلاین نیوزە.پۆلیسی ئەمنیەت بە بەڕێز بیگوەندیان راگەیاندووە کە لە بڕواری ١ی خەرمانان خۆی رادەستی دادسەرای حکومەتی ئێران لەوشارە بکات.

بە پێی زانیاریەکانی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ماوەیەک لەوەو پێش بەڕێز بیگوەند لە پەیجی تایبەتی خۆی وێنەیەک لە رۆژنامەیەکی ساڵی ٢٦٧٩ی کوردی بڵاو کردبووەوە کە لەو وێنەیەدا « سەید مەحمودی تاڵەقانی» دژ بەو کەسانەی دەوەستێتەوە کە ژنانی بێ حیجابی ئیسلامی ئازار دەدەن.

شایانی باسە کە ئەمیر بیگوەند لە وتووێژ لەگەڵ راگەیاندنە خۆجێیەکان رەخنەی لە بەرپرسانی حلومەتی ئێران لەو شارە گرت و لەسەر پەیجی تایبەتی خۆی لەسەر کوژرانی ئاسیە پناهی و پویا بەختیاری کاردانەوەی لەخۆی نیشاندا.لەم بارەوە لە ئیدارەی ئیتلاعاتەوە پەیوەندییان بە ناوبراوەوە گرت و داوایان لێکردوە ئەو نووسراوانەی بسڕێتەوە و سەرەڕای سڕینەوەی ئەم نووسراوانە لە رێگای تەلەفونەوە بانگهێشتی پۆلیسی حەمنیەت کراوە و لێپرسینەوەی لەسەر کراوە و پێیان راگەیاندووە کە دۆسیەی بۆ ساز کراوە و بەرەوڕووی دادگە دەکرێتەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان