KMMK:
سوپای دەوڵەتی تورک لە دوای بۆردمان کردنی گوندێکی سەربە شارەدێی شێروان مەزن ، چووە ناو گوندەکە و نمایشی سەربازیان ئەنجام دا و هاوڵاتیان ناچار بوون گوندەکە چۆڵ بکەن.
بەگوێرەی هەواڵەکە کە ڕۆژنیووز لە زاری هاوڵاتیانەوە پشتڕاستی کردۆتەوە ولە گرتە ویدیۆکە دەردەکەوێ ئێوارەی دوێنێ هەلیکۆپتەر و فڕۆکە شەڕکەرەکانی دەوڵەتی تورک گوندی هەلانە-ی سەربە شارەدێی شیروان مەزن-یان بۆردمان کرد ولە دوای بۆردمانەکە سەربازانی تورک بە چەکی قورس و سوکەوە چوونەتە ناو گوندەکە و نمایشی سەربازیان ئەنجامداوە.
جێی بیرهێنانەوەیە ساڵی ڕابردوو کچێکی تەمەن ۱۵ ساڵ بەناوی دونیا ڕەشید لەهەمان سنوور بەهۆی بۆردمانی فڕۆکە شەڕەکەرەکانی دەوڵەتی تورک گیانی لە دەست دا.
شیاوی باسە سوپای تورکیا ڕۆژانە گوند وناوچە کوێستانییەکانی باشووری کوردستان بۆردمان دەکات و هەر ڕۆژ هێزەکانی دەکشێنێتە خاکی باشووری کوردستانەوە و ماڵ و ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەی هاوڵاتیانی خستۆتە بن مەترسییەوە وحکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی عێراقیش لە پێناو ئەم سەرەڕۆیی و دەستدرێژیانەی دەوڵەتی تورک بێ دەنگیان هەڵبژاردووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان