ئارەش نەسری بە ۱۷ ساڵ زیندان حوکم درا

KMMK:

چوارشەمە ۱۵ی گەلاوێژی ۲۷۲۰ی کوردی، ئارەش نەسری زیندانی سیاسی لە لایەن لقی ۲۸ی دادگا «انقلاب»ی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر «مقیسە» بە ۱۷ ساڵ زیندان حوکم درا.

بە پێی زانیاری گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، دادگایی کردنی ناوبراو لە لە مانگی رابردوو دابووە و حوکمەکە پاش تێپەڕینی ۱۵ رۆژ بەو گیراوە سیاسیە ڕاگەیاندراوە.

بەپێی حوکمی دادگا، ئارەش نەسری بە تۆمەتی ئەندامەتی لە سازمانی خەبات کوردستان بە ۶ سال زیندان، بە تۆمەتی هەڵگرتن و ڕاگرتنی چەک بە ۶ ساڵ زیندان، هاتوچۆی قاچاخ بە ۱۸ مانگ زیندان و بە تۆمەتی کرین و فرۆشی چەک بە سێ ساڵ و نیو زیندان حوکم دراوە. بەپێی مادەی ۱۳۴ یاسای سزای ئێسلامی ئێران، دەبێ زیاترین حوکم واتا ۶ ساڵ زیندان ئەنجام بدرێت.

ئارەش نەسری تەمەن ۳۵ ساڵ و خەڵکی سنە لە رۆژھەڵاتی کوردستانە، بەڵام ناوبراو دانیشتووی شاری وەڵامیان لە ئێرانە. ناوبراو لە ۲۹ی سەرماوەزی ۲۷۱۹ی کوردی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات سپای ئێران دەستبەسەر و دوای تەواوبوونی لێپرسینەوە بۆ گرتوخانەی رەجای شاری کەرەج بەرێ کرا و تا ئێستا لەوێ دەستبەسەرە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان