KMMK:
دووشەممە ٣٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ی کوردی، یەکەم کۆڕی دادگایی مەنسوور ئەڵماسی هاوڵاتی بۆکانی لە دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران لە شاری ورمێ بەڕێوەچوو.
بە گوێرەی زانیارییەکان دادگا بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بۆ مەنسوور ئەڵماسی، حوکمی دەستبەسەری ناوبراوی دەرکردووە و لە لایەن هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئێران بۆ زیندانی ناوەندی ئەم حکوومەتە لە شاری ورمێ گوازراوەتەوه.
پێنجشەممە ٢۶ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ی کوردی، هاوڵاتییەکی خەڵکی بۆکان بە ناوی جەعفەر ئەوسافی کە ٣٠ ساڵی تەمەنە، پاش تەواوبوونی خولی لێپرسینەوە بۆ زیندانی حکوومەتی ئێران لە شاری ورمێ ڕاگواستراوە.
ئەم هاوڵاتییە یەکشەممە ١٨ی جۆزەردانی ئەوساڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران لە ماڵی خۆی بە بێ نواندنی مۆڵەتی یاسایی و قەزایی دەستبەسەر کرابوو.
بە گوێرەی هەواڵەکە، ئەم هاوڵاتییە نێزیک ۴٠ ڕۆژ لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران له ورمێ ڕاگیرابوو.
” ڕێوەبەری کەناڵێکی تێلگرامی لەهەمبەر پرسیار و وڵامی شەرعی ئایینزای سوننە” و ” ئەندامەتی لە یەکێک لە گرووپە دژبەرەکانی دەسەڵات” ئەو تۆمەتانەی بوون خراونەتە پاڵ ئەم هاوڵاتییە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان