KMMK:
هەینی ٢٠ی پوشپەڕی ٢٧٢٠ی کوردی، کۆڵبەرێک بەناوی «زیاد ئیسباتی حەیدەرانلوو» خەڵکی شاری ورمێ لە سنوری چاڵدوران لەلایەن سپای تورکیاوە تەقەی لێ دەکرێت و دەکوژرێت.
بە پێی راپۆرتەکە: هێزەکانی سوپای تورکیا لە سنوری چاڵدوران کۆمەڵێک لە کۆڵبەران دەکەنە ئامانجی تەقەی راستەوخۆ و لەئاکامدا «زیاد ئیسباتی حەیدەرانلوو» دەکوژرێت. ناوبراو دانیشتوی گەڕەکی ئیسلام ئاوای ورمێیە و باوکی دوو منداڵە و لە بێدەرەتانیدا بە مەبەستی کۆڵبەری روی لە سنوری چاڵدوران کردوە.
لە راپۆرتێکی تردا و لەو رۆژەدا: کۆڵبەرێکی تر، بە ناوی«ئیبراهیم ئەبوبەکری» خەڵکی ( نەمینجە)ی سەر بە پیرانشار، کە ژیانی هاوسەری پێک هێنابو و خاوەنی دوو منداڵ بوە بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە سەربازیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە بەرزاییەکانی سنوری قەندیل گیانی لەدەست داوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو: هێزە سەربازیەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی « بوزی مێرگەسوور» لە بەرزاییەکانی قەندیل کۆمەڵێک لە کۆڵبەران دەکەنە ئامانج و لەئاکامی تەقەی ئەم هێزەدا ئیبراهیم ئەبوبەکری گیانی لەدەست داوە.
جێگای ئاماژەیە کە: لەرۆژانی رابردودا لەسەروی ٦ کۆڵبەر و کاسبکار لەسنورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراو یاخود بریندار بوون.
بە پێی زانیاریەکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەسەرەتای ئەمساڵی زاینیەوە تا ئێستا ٩٩ کۆڵبەر و کاسبکار بریندار و بە ئەژمار کردنی ئەم دوو کەسە ٣٧ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


