ڕاگواستنی زێنەب جەلالیان بۆ شوێنێکی نادیار

KMMK:
پێنج شەممە ۵ی پووشپەڕ ۲۷۲۰ کوردی، زیندانی سیاسی زێنەب جەلالیان لەکاتێکدا کە مانگرتن لە خواردنی کردووە، لە زیندانی «قرچک ورامین»ەوە بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستراوە.
زێنەب جەلالیان بۆ دەڕبرینی نارەزایی دژ بە ڕاگواستنی خۆیی لە زیندانی شاری خۆی بۆ زیندانی«قرچک ورامین» دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن و خوازیاری گەرانەوەی بۆ زیندانی خۆی یا زیندان «اوین» لە تارانە.
بە پێی سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو لە دواین کاتەکانی رۆژی پێنج شەممە ناوبراو لە زیندانی «قرچک ورامین» بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستراوە کە هەر ئەو بابەتە بۆتەی هۆی نارەزایی زیندانیانی ئەو زیندانە و بەتایبەت نارەزایی توندی سۆهەیلا حیجاب.
جێی ئاماژەیە کە ماڵباتی زێنەب جەلالیان ئاگاداری دۆخی زێنەب نین و ئاگادار نین کە ڕاگواستراوە یا نا و ئێستا لە کوێیە. هاوکات بەرپرسان و هێزەکانی حکومەتی ئێران لە زیندان بە هۆیی نارەزایی دەربڕین دژ بە بردنی زێنەب هێرشیان کردۆتە سەر سۆهەیلا حیجاب و لێیان داوە و دەست و لاقی ناوبراو یان بریندار کردووە.

زێنەب جەلالیان ساڵی ۲۷۰۷ کوردی بە تۆمەتی “محاربه” به لەسێدارەدان حوکم درا، ئەو حوکمە دوایی پشتراست کردنەوەی لە لایەن «دیوان عالی» کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ زیندانی هەتایی گۆڕدرا.
ناوبراو لە کاتێک دا ۱۳یەمین ساڵی زیندان تێپەڕ دەکات کە بارودۆخی سڵامەتی ناجێگیرە و چەندەها نەخۆشی گرتووە و ئێستاکەش تووشی نەخۆشی و ڤایرۆسی کوئید ۱۹ واتا کڕۆنا بووە. بەڵام لە هەموو پێڕاگەشتنە پزیشکیەکان بێبەش کراوە و گیانی لە مەترسی دایە.
زێنەب جەلالیان و سۆهەیلا حیجاب دوو گیراوی سیاسی لە رێکەوتی ۳ی پووشپەڕەوە بە بڵاو کردنەوەی نامەیەک وێرای دووپات کردنەوەی مانگرتنی خۆیان باسی کەم و کووڕیەکان و شێوازی خراپی هەڵسوکەوتی بەرپرسانی زیندانی «قرچک ورامین»یان کردبوو.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان