لۆڕستان: دەستبەسەری چالاکێکی مەدەنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ـەوە

KMMK:

ڕۆژی هەینی ۶ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ی کوردی، ڕاپۆڕتێک لە سەر دەستبەسەری چالاکێکی مەدەنی بەناو ” ڕەزا سۆفیوەند” خەڵکی شاری دروود لە پارێزگای لۆڕستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشت.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو: هێزە ئەمنییەکان کە سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران بوون پاش دەستبەسەری ئەم چالاکە مەدەنییە ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار گواستەوە.

بە پێی وتەکانی سەرچاوەی نێزیک لە بەڕێز سۆفیوەند: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی دەستبەسەری هیچ چەشنە بەڵگەیەکی قەزاییان نەنواندووە و تا ئێستا چارەنووسی ناوبراو ناڕوونە.

حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو لە پەڕاوپەڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەپۆلێکی بەرین لە دەستبەسەری ڕەمەکی و بڕینەوەی حوکمی قورس بۆ گەنجانی ئەم بەشە لە کوردستان وەگەڕ خستووە کە زۆرینەی ئەوانە بە پێی تۆمەتگەلی پڕوپووچ و بە بێ ئامادەبوونی پارێزەری بەرگریکاری دەستبەسەر کراوان و زۆر جاریش لە دادگاگەلی چەندد خولەکی و ساختەیی دێنە ئاراوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســتان