شەپۆلی نوێی کرۆنا: دۆخی سوور لە سنە راگەیەندرا

KMMK:

لەسەرەتای مانگی جۆزەردان رێژەی تووشبوان لە پارێزگای کوردستان رووی لە هەڵکشان کردووە و لەم نێوانەدا شاری سنە بەرەوڕووی شەپۆلێکی نوێی تووشبوون بوەتەوە بە شێوازێک کە بەرپرسان، دۆخی ئەم شارەیان نایاسایی و سوور راگەیاند.

بە پێی راپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرچاوەیەکی ئاگادار: لە نێوان حەوتووی رابردوو بە شێوەی بەربڵاو لە شاری سنە دەستیان کردووە بە قەرەنتینەی تووشبوان لە ماڵەکانی خۆیان. ئەم سەرچاوەیە رایگەیاند: لە ئێستادا پتر لە ٥٠ هەزار کەس لە شاری سنە لە قەرەنتینەدان.

هەروەها رایگەیاند لەلایەن بەرپرسانی زانکۆی علومی پزیشکی پارێزگای سنە و بەرپرسانی حکوومەتیەوە رێژەیەکی نەهێنی و دوور لە راستی رادەگەیەندرێت بە شێوەیەک کە پێدەچێت رێژەی تووشبوان زۆرتر لە ٣ هێندەی رێژەی راگەیەندراو بێت. ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتی: لە لایەن بەرپرسانی بنکەی بەرگری لە کرۆنا بە شێوەی داڕێژراو دەستپێکردنی شەپۆلی نوێی کرۆنا دەخەنە ئەستۆی رێنمایی نەکردنی هێماکانی پزیشکی و بەڕێوە نەبردنی بۆشایی کۆمەڵایەتی لەلایەن خەڵکەوە بە مەرجێک کە راستیەکان نەبوونی بەرپرسیاریەتی و بێ هیوایی سیستەمی پزیشکی لە بەرگری لەگەڵ ئەم ڤایرۆسەیە.

لەراپۆرتێک کە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەگەڵ بنەماڵەیەک لە سنە رێکی خست، باوک و بەرپرسی ئەم بنەماڵەیە بە ناوی( عەلی دێهدار) کە نزیک بە ٧٠ ساڵ تەمەنیە وتی: هەموو ئەندامانی بنەماڵەی من تووشی ئەم ڤایرۆسە بوون و دۆخی هەندێکیان مەترسیدارە. کچەکەم گۆرچیلەکانی ئازارێکی زۆری تێدایە و کاتێک کە سەردانی نەخۆشخانەمان کرد لە لایەن پزیشکەکانەوە پێمان وترا تەنها دەبێت لەماڵەوە بمێننەوە.

ناوبراو وتی: هیچ دەرمان و کەرەستەیەکی پزیشکی بە ئێمە نەدراوە و ئێستا لەماڵەوە قەرەنتینە کراوین. بەڕێز دێهدار هەروەها وتی: من لەم تەمەنەدا بژێوی بنەماڵەکەم دابین دەکەم و گەر یەک رۆژ لە دووکانی رۆن گۆڕیەکەم ئامادە نەبم ناتوانم خواردن بۆ منداڵەکان و هاوسەرەکەم دابین بکەم بەم حاڵەشەوە لەلایەن دەزگای بیمە ودەزگا حکومیەکان هیچ چەشنە یارمەتیەک نەدراوەتە ئەو بنەماڵانەی وەک ئێمەن و ئێمەش ناتوانین لەماڵەوە بمێنینەوە و لەبرسیەتیدا بمرین.

جێگای ئاماژەیە کە؛ لەم بنەماڵەدا بە پێی راگەیەندراوی وڵامی تاقیکردنەوەکان ٩ کەس توشی نەخۆشی کرۆنا بوون کە ناوەکانیان بەم شێوەیە. عەلی دێهدار باوکی بنەماڵە، گوڵاڵە و بەهارە کچی ئەم بنەماڵەیە، رامیار و خەبات کوڕی بنەماڵە، رۆژانی ١٨ مانگان و جانانی ١١ ساڵان منداڵی منداڵەکانی بەڕێز دێهدار، هدیە گەوێڵی کە هەمویان لەماڵەوە لە قەرەنتینەدان.

لەم بارەوە فەرزین رەزاعی نیوەڕۆی رۆژ سئ شەممە لە وتووێژێک لەگەڵ رۆژنامەوانانی حکومەتی رایگەیاند: هەلومەرجی تووشبوون بە ڤایرۆسی کرۆنا لەم پارێزگایە بەردەوامە و تا دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ رێژەی توشبوان گەیشتوەتە ٣ هەزار و ٣٠٨ کەس.

ناوبراو رایگەیاند: لە سەرەتاوە تا ئێستا بەگشتی تاقیکردنەوەکان ١١ هەزار و ٩٥٦ تاقیکردنەوە بووە و لەم رێژەیە ٣ هەزار و ٣٠٨ ئەرێنی، ٨ هەزار و ٤٩٢ نەرێنی و١٥٦ تاقیکردنەوەش رانەگەیەندراوە. بەرپرسی حکومەتی زانکۆیی علومی پزیشکی کوردستان وتی: شارەکانی سنە یەک هەزار و ١٤٨ کەس، سەقز ٥٢٥ کەس، بانە ٢٩٢ کەس، مەریوان ٢٨٥ کەس، دیواندەڕە ٢٧٧ کەس، قوروە ٢٦٩ کەس، بیجاڕ ١٧٢ کەس، کامێران ١٧٠ کەس،دێولان ١٣٦ کەس و سەوڵاوا ٣٤ کەس توشی ڤایرۆسی کرۆنا بوون.

رەزاعی بە دەست نیشان کردنی رێژەی ١٥٧ کەسی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەست داوە بە هۆی کرۆناوە لەم پارێزگایە، وتی لە بەرچاو گرتنی رۆژانی رابردوو لەم رێژەیە سێ کەسی پێ زیاد بووە و رایگەیاند: تا ئێستا ٤١ کەس لە سەقز، ٣٦ کەس لە سنە، ٢٠ کەس لە بانە، ٢٠ کەس لە قوروە، ١٥ کەس لە کامێران، ٩ کەس کە بیجاڕ، ٧ کەس لە مەریوان، ٦ کەس لە دیواندەڕە و سێ کەس لە دێولان گیانیان لەدەست داوە کە بەلەبەرچاو گرتنی هێماکانی تەندروستی لەژێر خاک نراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان