مردنی کاسبکارێکی کورد و ڕادەست نەکردنەوەی تەرمەکەی بە بنەماڵەکەی

KMMK:

ڕۆژی شەممە ١٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ی کوردی(۶ی ژوئێنی٢٠٢٠ی زاینیی) ” شارام مستەفاپوور” کاسبکارێکی خەڵکی موانا سەربە ورمێ کە ماوەیەک پێش ئێستە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بریندار ببوو گیانی لە دەست دا و تا ئێستە تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

لە وتووێژێکدا کە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە گەڵ خاتوو پەروانە عیسازادە هاوژینی گیان بەختکردوو جێبەجێی کردووە ناوبراو ئاشکرای کرد: پاش دەستبەسەری شارام مستەفاپوور و گواستنەوەی بۆ ژوورە تاکەکسیەکانی دامەزراوە ئەمنییەتییەکان بە هۆی قوڵی برینەکانی و خوێن بەربوون، هێزە ئەمنییەکان لە ڕووی ناچارییەوە ناوبڕاویان گواستۆتەوە بۆ نەخۆشخانەی عارفیانی ورمێ و بنەماڵەکەی لە گەڵ کوڕە چوار ساڵەکەی بۆ چاوپێکەوتنی سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە.

ناوبراو دەڵێ؛ هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا ڕێگریان لە چاوپێکەوتنی ئێمە لە گەڵ شارام کرد و کوتیان ڕاستە کە مژارەکە لە سەر قاچاخە بەڵام پرسی سەرەکی هاریکاری لە گەڵ حیزبە کوردیەکانی دژبەری دەسەڵاتە و هەر بەم هۆیە مۆڵەتی چاوپێکەوتن بە کەسێک نادرێت. تەنانەت لەم نێوەندەدا هێزە ئەمنییەکان لە گەڵ من ــ هاوژینی گیان بەختکردو ــ تێکهەڵچوون.

خاتوو عیسازادە هەروەها درێژەی پێدا؛ دوکتۆر عارفیان پێمانی ڕاگەیاند کە بە هۆی قوڵی برینەکەی و بەرکەوتنی فیشەک لە هەردوو پێی ناوبراو، بۆ ماوەی ۶ کاتژمێر لە ژووری نەشتەرگەری بووە هەر بەم بۆنەوە هەنووکە مۆڵەتی چاوپێکەوتن لە ئارادا نییە.

هەر لەم پێوەندییەدا ئێوارەی ئەو ڕۆژە لە لایەن سپای پاسدارانەوە بە بنەماڵەی شارام مستەفا پووریان ڕاگەیاند کە ناوبراو لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا و تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە لە ڕادەست کردنەوەی تەرمی ناوبراو بە بنەماڵەکەی ڕێگریان کردووە.

جێی بیرهێنانەوەیە کە: ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ی کوردی، لە نێزیک سیلوانا سەر بە ورمێ، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتی دەستبەسەری شارام مستەفاپوور تەقەیان لە ناوبراو کرد و لە کاتێکدا کە برینەکەی قوڵ بوو بۆ شوێنێکی نادیار گواستبوویانەوە.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و بە هەژمار ئەم حاڵەتەوە لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە ۶۶ کۆڵبەر و کاسبکار بە هۆی تەقەی هێزەکانی سنووری و ئەمنی ئێران و تورکیا بریندار و ٢٨ کۆڵبەر و کاسبکاریش گیانی خۆیان لە دەست داوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان