KMMK:
ڕۆژی پێنج شەممە ١١ی گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی، کچێکی مێرمنداڵی ١۶ ساڵ تەمەن بە ناوی “شیلان شەبڕەنگ” دەستی دایە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بە گوێرەی هەواڵەکە: ئەم کچە مێرمنداڵە خەڵکی گوندی هەجیج سەر بە هەورامان هەڵکەوتە لە پاوە بوو کە پەتی بۆ خۆی هەڵخست و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بە پێی وتەکانی سەرچاوەی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان: هۆکار خۆکوژی ئەم کچە مێرمنداڵە کێشە و ئاژاوەی خاوخێزانی و بنەماڵەکەی بووە.
سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەر دەم لە سەر برسی کردن و هەژار مانەوەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئەنجامدا شل بوونەوە و لێک ترازانی جومگەکانی بنەماڵە دەکاتە ئامانج. هەژاری، نەبوونی هەلی کار، هەڵاواردنی زەقی دژ بە ژنان و ئەمنییەتی کردنی جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی ۴٠ساڵی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە سەرەکی ترین هۆکارەکانی خۆکوژی گەنجان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.
بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان؛ لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە ١٠ پیاو و بە هەژماری ئەم حاڵەتەوە ١٢ ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵیان کوتاوەتە سەر گیانی خۆیان و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان