KMMK:
ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە ١١ی گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی، تەرمی ” هادی یەزدانی” مامۆستای ناسراو و ئەندامی لێژنەی دامەزرێنەری ناوەندی مامۆستایانی قوتابخانەکانی شاری سەقز لە بەنداوی چراغوەیس دۆزرایەوە.
بەپێی کوتەی کەسێک لە دۆستانی ئەم چالاکە کولتوورییە: هادی یەزدانی شاعیر و مامۆستای خەڵکی سەقز و نیشتەجێی ورمێ ڕۆژی پێنج شەممە سواری ئوتوبووس(پاس)ی سەقز بۆ بانە دەبێت و ئێوارەی ئەو ڕۆژە تەرمی بێ گیانی لە بەنداوی چراغوەیس دۆزراوەتەوە.
هەروەها لە درێژەدا دەڵێت: بە پێی شایەتحاڵەکان ئەم مامۆستا ٤٧ ساڵ تەمەنە بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی دەستی داوەتە خۆکوژی.
بە پێی ڕاپۆرتی سەرچاوەی متمانەپێکراو کە بە دەستی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە: هادی یەزدانی مامۆستای ئەدەبی فارسی، شاعیر و ئەکتەری تێئەتری شاری سەقز بووە و هەروەها خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵ( کچ و کوڕێک)ە .ناوبراو بۆ سەردانی بنەماڵە چەند ڕۆژی بەرێ سەفەری بۆ سەقز کردبوو و لە ماڵی باوکی دەمایەوە.
بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینیی تا ئێستە ١٠ ژن و بە هەژماری ئەم حاڵەتەوە ١٠ پیاو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێی خۆکوژییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان