KMMK:
پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی زۆرترین مەزەندەی بێکاری لە ناوبەری پارێزگاکانی جوگرافیای سیاسی ئێرانە.
بە پێی ڕاگەیاندنی ناوەندی ئاماری کۆماری ئیسلامی ئێران: مەزەندەی بێکاری لە زستانی ۲۷۱۹ی کوردی تا ئێستا ڕەوتی هەڵاچووی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبووە و هەنووکە ڕێژەی بە ۲۰ لە سەت گەیشتووە کە به بەراوەرد لە گەڵ مەزەندەی بێکاری ڕاگەیەندراو لە لایەن ڕێکخراوی ناودێر کراوەوە که ۱۰٫۶ لە سەتە نێزیک دوو ئەوەندەیەیە.
هەروەها پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستی هەرە ژوورەکانی پێڕستی مەزەندەی بێکاری لە جوگرافیای سیاسی ئێران دان.
بە پێی ئەو ئامارە فەرمییەی لە لایەن حکوومەت ئێرانەوە بڵاو بوەتەوە: پاش پارێزگای سنە، کرماشان بە ۱۷/۹، پارێزگای لۆڕستان ۱۶/۸، پارێزگای ورمێ بە۱۴/۵ لە پلەکانی دوویەم و سێیەم و چوارەمن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پارێزگاکانی خۆراسانی جنووبی(باشوور) بە ۶ لە سەت و پارێزگای فارس بە ۷/۷ لە سەت کەمترین ئاماری مەزەندەی بێکارییان لە جوگرافیای سیاسی ئێرانیان لە خۆ گرتووە.
شیاوی باسە کە ئەم ئامارە دەوڵەتییە و ڕادەی ڕاستەقینەی مەزەندەی بێکاری بە بەراوەرد زۆر زیاتر لەو ئامارەیە کە لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە ڕاگەیەندراون.
بە سەیرێکی ئاماری سەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەراوەرد کردنی لە گەڵ هەرێمەکانی دیکە بەم ئەنجامە دەگەین کە سیاسەتی ۴۰ساڵەی ڕابردووی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر بنەڕەتی هەڵاواردنی ئاشکرا و تەرخان نەکردنی سەرمایەگوزاری دەمدرێژی ئاوەدان کردنەوە لەم بەشەی کوردستان بووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان