KMMK:
دلێر خوسرەوی، چالاکی ژینگەیی کە پاش نێزیک مانگێک لێپێچینەوە لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە بۆ زیندانی ناوەندی حکوومەتی ئێران لەم شارە گوازرابویەوە، دیسانەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگوازراوە.
دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران بۆ ئازادی ناوبراو بارمتەی ۲۰۰ ملوێن تمەنی دیاری کردبوو و بڕیار بوو بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد بکرێت، بەڵام ڕایەدارانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەم چاڵاکە ژینگەپارێزەیان بۆ گرتووخانەی خۆیان ڕاگواستووە.
ئەم ئەندامەی” کۆمەڵەی سەوزی کوردستان”، ۲۰ی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵی خۆی لە گوندی”زنان”ی سەر بە شاری سنە دەسبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات لەم شارە ڕاگوازرابوو.
ئەم زیندانییە سیاسییە تا ۱۷ی خاکەلێوەی ۲۷۲۰ی کوردی لە گرتووخانەی هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئێران لە شاری سنە زیندانی و لە ژێر لێکۆڵینەوەدا بووە، پاش کۆتایی خولی لێپێچینەوە بۆ زیندانی ئەم حکوومەتە لە شاری سنە ڕاگواسترابوو.
دلێر خوسرەوی پێشووتر لە ساڵی ۲۷۰۶ی کوردی ـیش بە تۆمەتی هاریکاری یەکێک لە حیزبە کوردستانیە ئوپوزیسیۆنەکانی حکوومەتی ئێران دەسبەسەر و پاش چەند مانگ ئازاد کرابوو.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان