حوکمی ۱۵ساڵی دیکەی زیندان بۆ سەعید سەنگەر

KMMK:

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ۲۳ی خاکەلێوەی ۲۷۲۰ی کوردی، پارێزەری دەستنیشانکراوی زیندانی سیاسی ” سەعید سەنگەر” حوکمی نوێی ۱۵ ساڵەی لە لایەن دادگای حکوومەتی ئێرانەوە بەم زیندانییە ڕاگەیاند.
بە گوێرەی هەواڵەکە؛ سەعید سەنگەر پێشووتر ۱۸ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو کە ئەم حوکمە لە ساڵی ۲۷۱۸ی کوردی کۆتایی پێهات و دەبوا ئازاد بکرایەت، بەڵام سیستەمی داپڵۆسێنەری کۆماری ئیسلامی ڕێگری کرد لە ئازادی ناوبراو و هەنووکە لە ئاسانەی بیستەمین ساڵی زیندانی کێشانیدایە و هەر لەو دەمەدا حوکمی نوێی ۱۵ ساڵەیان پێ ڕاگەیاند.

شیاوی باسە حوکمی نوێی سەعید سەنگەر لە لایەن لقی ۲ی دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران لە ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر جشیخلوو بەژمارەی دۆسیەی ۹۸۰۷۲۳ بۆ ماوەی ۱۵ی دیکە بە زیندان مەحکووم کرا و ئەم حوکمە ڕێکەوتی ۱۱ی ڕەشەممەی ۲۷۱۹ی کوردی پەسەند کرا بەڵام ڕێکەوتی ۲۳ی خاکەلێوەی ۲۷۲۰ی کوردی پێی ڕاگەیەندرا.

جێی بیرهێنانەوەیە سەعید سەنگەر، خەڵکی پیرانشار لە دایکبووی گوڵانی ۲۶۷۳ی کوردی، ڕێکەوتی خەرمانانی ۲۷۰۰ی کوردی لە تەمەنی ۲۷ساڵیدا دەسبەسەر و بە تۆمەتی محاربە و پێوەندی لە گەڵ ڕێخراوی موجاهدینی خەڵق، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران لە سنە لە لایەن دادوەر فاتمی، ئێعدامی بەسەردا سەپێنرا و ساڵی ۲۷۰۳ی کوردی، ئەم حوکمە لەدادگای پێداچوونەوەی حکوومەتی ئێران بۆ زیندانی تاهەتایی داشکا.

دەسەڵاتی ئیسلامی ئێران لەوپەڕی بێ بەزەیی و بە دڕندانە شێوە دژی هەر بیرۆکەیەکی جیاواز دەجوڵێتەوە و وەکوو سێستەمێکی دیکتاتۆر و داپڵۆسێنەر دژ بە گەڵان و ئازادیخوازان، بەتایبەت گەلی کورد هەڵسوکەوت دەکات و هەر جارەوە زیندانییەکی قورس یان ئێعدامێکی لە ناکاو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکاتە ڕۆژەڤی پرسە گرنگەکان و کەمتەرخەمی و گەندەڵییەکانی بە خوێنی گەنجانی کورد دەشارێتەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان