مستەفا سەلیمی ئێعدام کرا/ ئاسایشی پێنجوێن ڕادەستی ئێرانی کردەوە

KMMK:

سەر لە بەیانی شەممە ۲۳ی خاکەلێووەی ۲۷۲۰ی کوردی، مستەفا سەلیمی، زیندانی سیاسی ۵۳ ساڵ تەمەنی مەحکووم بە ئێعدام، پاش ۱۷ساڵ زیندان لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە ئێعدام کرا.
مستەفا سەلیمی، ۸ی خاکەلێوەی ئەمساڵ هاوڕێی لە گەڵ کۆمەڵێک لە زیندانیانی زیندانی حکومەتی ئێران لە سەقز هەڵهات و خۆی گەیاندبووە هەرێمی باشووری کوردستان. بەڵام ڕایەدارانی ئەمنی هەرێمی کوردستان لە شاری پێنجوێن ناوبراویان لە گوندی گەرمک دەسبەسەر وڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانیان لە سنووری سەیران بەند کردەوە.
ئاسایشی پێنجوێنی هەرێمی کوردستان زانیاری لەسەر ئێعدامی ئەم زیندانییە سیاسییە هەبوو، بەڵام بەم حاڵەوە ناوبراوی ڕادەستی حکوومەتی ئێران کردۆتەوە.
ڕایەدانی حکوومەتی ئێران دوێنێ هەینی داوایان لە بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە کردووە کە بۆ دواین جار چاویان بەم زیندانییە سیاسییە بکەوێت، لەم چاوپێکەوتنە مستەفا سەلیمی جەختی کردۆتەوە کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەسبەسەر و لە سنووری سەیران بەندی بانە ڕادەستی هێزه ئەمنییەکانی ئێران کراوەتەوە.
مستەفا سەلیمی لە دایکبووی ٤ی پووشپەڕی ۲۶۶۷ی کوردی، خێزاندار و باوکی منداڵێک، خەڵکی گوندی ئیلوو ناوچەی تیلەکۆی شاری سەقز کە پێشووتر ئەندامی حیزبی دیمۆکڕات بووە و ساڵی ۲۷۰۲ی کوردی لە حیزب جوێ دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ ئێران و لە شاری نەهاوەند لە پارێزگای هەمەدان نیشتەجێ دەبێت.
ناوبراو ۱۶ی خاکەلێووەی ۲۷۰۲ لەشاری نەهاوەند دەسبەسەر دەکرێت و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران لە شاری سەقز دەگوازرێتەوە و پاش سێ مانگ لێپێچینەوە و ڕاگرتن لە ژووری تاکەکەسی، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیسلامی ئێران لە شاری سەقز بە سەرۆکایەتی دادوەر عەلیڕەزا گودینی مەحاکمە کرا.
مستەفا سەلیمی لەم دادگایە بە تۆمەتی “محاربە” لە ڕێی تێهەڵچوون لە گەڵ هێزە ئینتزامییەکان، دزی چەکدارانە و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە ئوپوزیسیۆنە کوردستانیە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران ۱۵ ساڵ زیندان و ئێعدامی بەسەردا سەپێنرا.

ئەم حوکمە ناڕەزایەتی مستەفا سەلیمی لێکەوتەوە و داوای پێداچوونەوەی کرد و “سەعید شێخی و سەید جەماڵ حیسامی” داوای پێداچوونەوەی ناوبراویان ڕادەستی دیوانی باڵای ووڵاتی ئێران کرد، بەڵام حوکمی دادگای سەرەتایی وەکوو خۆی لە لقی ۳۱ی دیوانی باڵای ووڵات پەسەند کرا و دواتر لە گوڵانی ۲۷۱۳ی کوردی، لە لقی ۱۵ی تەشخیسی دیوانی باڵای ووڵات، ئەم حوکمە جارێکیتر پشتڕاست کرایەوە.

شیاوی باسە کە: مستەفا سەلیمی تێهەڵچوونی چەکداری دزی ڕەت کردۆتەوە و ئەم تۆمەتانەی پڕو و پووچ و دوور لە ڕاستی ڕاگەیاندووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان