مەترسی جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامی زیندانی سیاسی مستەفا سەلیمی

KMMK:

بە پێی زانیارییەکان، کۆماری ئیسلامی ئێران دەیهەوێ کە مستەفا سەلیمی زیندانی سیاسی ئێعدام بکات. ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕەوتی هەڵهاتنی زیندانیان لە زیندانی حکوومەت لە شاری سەقز توانیبووی هەڵبێت و خۆی بە شاری پێنجوێن لەهەرێمی کوردستان بگەیەنێت.
بە گوێرەی زانیارییەکان؛ ئەم زیندانییە سیاسییە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەسبەسەر و ڕادەستی حکوومەتی ئێران بکرێتەوە.
شیاوی باسە کە ئەندامانی بنەماڵەی ناوبراو بانگهێشتی زیندان کراون بۆ ئەوەی بۆ دواین جار چاویان بە مستەفا سەلیمی بکەوێت. هاوکات بەرپرسانی حکوومەتی ئێران جەڕەسەقیلێکیان گواستۆتەوە بۆ زیندان بۆ ئەوەی ناوبراو ئێعدام بکەن.
مستەفا سەلیمی خەڵکی گوندی ئیلووی شاری سەقز و لە دایکبووی چواری پووشپەڕی ۲٦٦۷ی کوردی(۵۳ساڵان)ـە کە لە ڕێکەوتی ۱۷ی خاکەلێوەی ۲۰۰۳ی کوردی دەسبەسەر و بە تۆمەتگەلی وەکوو ” ئەندامەتی لە حیزبە ئوپوزیسیۆنە کوردستانیەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران”، “محاربە”، “و “دزی چەکدارانە” لەلایەن دادوەر گودینی ـەوە محاکمە و بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.
ئەم زیندانییە پێشتر ئەندامی حیزبی دیمۆکڕاتی ئێران بووە و پاش جوێ بوونەوە لەم حیزبە گەرابوویەوە بۆ سەقز.

لە ماوەی ئەو ۱۷ ساڵەی کە ناوبراو لە زیندان بووە، هیچ مەرەخەسییەکی نەبووە و بە بێ مەرەخەسی لە زیندانەکانی حکوومەتی ئێران لە شارەکانی سەقز و سنە لە زیندان بووە.

مستەفا سەلیمی لە ڕەوتی سەرهەڵدانی زیندانی سەقز لە ڕۆژی هەینی ۸ی خاکەلێووە هاوڕێ لە گەڵ ۷۰ زیندانی دیکە لە زیندانی سەقز هەڵهات و پاش دە ڕۆژ یانی ۱۸ی خاکەلێووە دەسبەسەر کرا.دادستانی حکوومەتی ئێران لە شاری سنە ناوبراوی وەکوو گەڵاڵەداڕێژی سەرەکی زیندانیان لە سەقز ناودێر کردبوو.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

%d bloggers like this: