ورمێ: مانگرتن لە خواردنی زیندانیانی ژن و ناڕەزایەتی بەرانبەر نەبوونی خزمەتگوزاری بێهداشتی

KMMK:

شەممە ۹ی خاکەلێووەی ۲۷۲۰ی کوردی، نێزیک بە ۲۰۰ زیندانی بەندکراو لە زیندانی ناوەندی ئێران لە شاری ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناڕەزایی بەرانبەر بە نەبوونی پێداویستی و خزمەتگوزاری بێهداشتی لە بەندی ژنان و هەروەها دژایەتی بەرپرسان لە گەڵ ئازادی کاتی ئەوان پاش بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کوڕۆنا لەم زیندانە، دەستیان دایە مانگرتن لە خواردن.
هەموو ژنانی بەندکراو لە بەندی ژنان، خواردنی ژەمی نیوەڕۆیان وەرنەگرت و لە سەر زەویان ڕشتووە و ڕایان گەیاندووە تا ئەوکاتەی لە مافی ئازادی کاتی بەهرەمەند نەبن، درێژە بە مانگرتن لە خواردن دەدەن.
مانگرتنی ئەم زیندانیانە پاش مردنی یەکێک لە ژنانی زیندانی لە بەندی ژنان بە ناوی ” فاتمە عەلیزادە” ۵۳ ساڵ تەمەن، خەڵکی کرماشان بە هۆی تووشبوون بە ڤایرۆسێ کڕۆنا هاتۆتە ئاراوە.
فاتمە عەلیزادە ڕۆژێک بەر لە مردن، دۆخێکی نالەباری هەبووە و سەرەڕای ئاگاداربوونی کادێری دەرمانی، هیچ لایەکیان هەوڵێکیان بۆ چارەسەری ناوبراو نەداوە.
شیاوی باسە کە دۆخی زیندانەکان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زۆر مەترسیدارە و بێبەریێە لە هەرچەشنە پێداویستی و خزمەتگوزار بێهداشتی.
بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کوڕۆنا بووە بەهۆکاری ترس و دڵەڕاوکێی زیندانیان و لە زۆرینەی شارەکان، زیندانیان ڕاپەڕیون و لە زیندان دەرباز بوون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان