چالاکێکی خەڵکی ســنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا

KMMK:

ڕۆژی هەینی ۱۳ی بەفرانباری ۲۷۱۹ی کوردی ، هێزە ئەمنیەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران چالاکێکی مەدەنی نیشتەجێی گوندی ” سەرهۆیە”ی سەر بە شاری سنەــ یان بەناوی ” مادێح مورادی” دەسبەسەر کرد.

بە پێی سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو : کاتژمێر ۴ی سەرلە بەیانی هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵیان کوتایە سەر ماڵی مادێح مورادی و بە شکاندنی درگای ماڵەکەی بە شێوەی نایاسایی ناوبراویان دەسبەسەر وگواستیانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

مادێح مورادی ۳۷ ساڵ تەمەن، گەلاوێژی ساڵی ۲۷۱۲ی کوردی، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر و پاشان لە دادگای ئینقلابی حکومەت لە شاری ســنە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانیەکانی ئوپوزیسیۆنی حکومەتی ئێران دوو ساڵ زیندانی هەڵپەسێراوی بەسەردا سەپێنرابوو.

وێڕای بە دواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی ، لە هۆکار و شوێنی دەسبەسەری ئەم چالاکە مەدەنییە تا ئێستە زانیارییەک ئاشکرا نەکراوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان