تەنها لە یەک پارێزگای باکووری کوردستان، هەزار و ٥٠٠ ئەندام و بەڕێوەبەرى هەدەپە و دەبەپە دەستگیرکراون
لە ماوەى ١١ مانگى ڕابردوودا هێزەکانى پۆلیسى تورکیا لە پارێزگاى ڕحاى باکوورى کوردستان هەزار و ٥٠٠ ئەندام و بەڕێوەبەرى هەدەپە و دەبەپەیان دەستگیرکردووە. لەو ژمارەیەش ٥٥٠ کەسیان زیندانیکراون.
هیدایەت ئەنمەک هاوسەرۆکى پارتى دیموکراتیى هەرێمەکان (دەبەپە) لە پارێزگای ڕحا (ئورفا) ئەمڕۆ ٢٢ى حوزەیرانى ٢٠١٦ بە ئاژانسى هەواڵى دیجلەى ڕایگەیاندووە “تورکیا دەوڵەتى پۆلیسەکانە. لەمدواییانەدا دەستگیرکردن و زیندانیکردن زۆر زیادیکردووە. لە مانگى تەمووزى ٢٠١٥ەوە تا ئێستا (٢٢ى حوزەیرانى ٢٠١٦) تەنها لە پارێزگاى ڕحادا هەزار و ٥٠٠ ئەندام و بەڕێوەبەرى هەدەپە و دەبەپە دەستگیرکراون و لەو ژمارەیەش ٥٥٠ کەسیان زیندانیکراون”.
هاوسەرۆکى دەبەپە لە پارێزگاى ڕحا ڕاشیگەیاندووە “لەبەر ئەوەى دەسەڵاتداران ناتوانن سیاسەت بەڕێوەببەن دەستگیرکردن و زیندانیکردن بەشێوەیەکى بەربڵاو بەڕێوەدەبەن، هۆکارى دەستگیرکردن و زیندانیکردنەکانیش ئەوەیە کە بۆچوونەکانى خۆیان بەسەر تورکیادا بسەپێنن”.
بەپێى قسەکانى هاوسەرۆکى دەبەپە لە ڕحا “ئەو کەسانەى کە دەستگیر و زیندانى دەکرێن هەڵسوکەوتى دژە مرۆیانەیان لەگەڵ دەکرێت. لەم دواییانەدا سێ هاوسەرۆکى ئێمەیان لە ڕحا دەستگیرکرد و بەشێوەیەکى سیستماتیک و پلان بۆ داڕێژراو ئەشکەنجە کراون”.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵی NRT، هیدایەت ئەنمەک باسى لەوەشکردووە “ئێمە لە دژى ئەو پێشێلکارییانە هەنگاو بەرەو دواوەوە نانێین و بەردەوام دەبین لەسەر سەندنەوەى مافەکانمان و کاتێک لە ناوخۆدا ڕێگا یاسایەکان بۆ سەندنەوەى مافەکانمان بە تەواوەتى داخران، ئەوا لە ئەنجامدا سکاڵاکان دەبینە دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپا”.
هیدایەت ئەنمەک هاوسەرۆکى دەبەپە لە پارێزگای ڕحا (ئورفا) ئاماژەى بەوەشکردووە “گەرچى ئاکەپە دەڵێت لە دژى داعش شەڕ دەکات، بەڵام ئەندامان و بەڕێوەبەرانى داعش لە ڕحادا بە ئاسانى هاتووچۆ دەکەن و دەبینرێن”.
ئەوەش لە کاتێکدایە تا ئێستا ٥١٠ سکاڵا لە دژى پەرلەمانتارانى پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) تۆمار کراوە، کە لەو ژمارەیە ٩٣ سکاڵایان لە دژى سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکى هەدەپەیە و داواکارى گشتیى تورکیا داواى دوو جار زیندانى هەتاهەتایى و ٤٨٦ ساڵ زیندان بۆ دەمیرتاش دەکات.
هەورەها کامەران یوکسەک هاوسەرۆکى دەبەپە و ٢٢ سەرۆک شارەوانى و ٢١ ئەندامى ئەنجوومەنى ئەو حزبەش لەزینداندان.