ناشتنی شەوانەی خۆپیشاندەرانی گیانبەختکردووی مانگی خەزەڵوەری کرماشان

KMMK:

هەینی ۲۹ی سەرماوەزی ۲۷۱۹ی کوردی ڕاپۆڕتێک لە لایەن شایەتحاڵانی خۆجێی کرماشانەوە نێردراوە بۆ KMMK کە باس لە ناشتنی  چەندد تەرمێک دەکات لە گۆڕستانی بریمۆند لە کرماشان.

بە گوێرەی هەواڵەکە لە ڕەوتی ناڕەزایی دەربڕینەکانی مانگی خەزەڵوەر، چەندد تەرمێک لە لایەن دوو ئامبوڵانسەوە لە شەودا گوازراوەتەوە بۆ گۆڕستانی بریمۆند.

بە پێی هەواڵی شایەتحاڵان ئەم تەرمانە تایبەت بە گیان بەختکردوانی ناڕەزایی دەربڕینەکانی گشتی مانگی خەزەڵوەرن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم تەرمانەیان لە چەندد شوێنی نادیاری ئەم گۆڕستانە ناشتووە.

شیاوی باسە کە لە ڕەوتی ناڕەزایی دەربڕینەکانی گشتی خەڵک لە مانگی خەزەڵوەری ۲۷۱۹ی کوردی، پتر لە شەست هاوڵاتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی  هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون و سەدانی دیکەیش بریندار بوون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان