دەسبەسەر کردنی چالاکوانێکی ژینگە لە لایان هێزە ئەمنییەتیەکانی کۆماری ئیسلامیەوە

KMMK:

سابیر قادری چالاکوانێکی مەدنی خەڵکی دێولان تەمەن ۴۳ ساڵان، لە لایان هێزە ئەمنییەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.

بە ووتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار: سابیر قادری ئەندامی رێکخراوەی ژینگە پارێزی «کۆمەڵەی شەیدای سەوزی لەیلاخ» ڕۆژی دووشەممە ۱٨ سەرماوەزی ئەم ساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری دێولان لە لایان هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لەو شارە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد: سەرەڕای بەدواداچوونی زۆری بنەماڵەی ناوبراو بۆ ناوەندە قەزایی و ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری سنە و دێولان؛ بەڵام تا ئێستا نەیان توانیوە هیچ زانییارییەک لەسەر دەسبەسەری و شوێنی دەستبەسەری وەربگرن.

سابیر قادری هەروەها لە ڕەزبەری ۲۷۱۴ بە هۆی بەشداری لە چاڵاکییەکانی پشتیوانی لە کۆبانی لە لایان هێزە ئەمنییەتییەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر و دوای ماوەیەک دەسبەسەری ئازاد کرا. ئەو چالاکوانە هەروەها لە سەرماوەزی ساڵی ۲۷۱٥ بۆ پشتوانی کانی بڵ هاوڕێ دەگەڵ ۹ کەسی تر دەستیان دابوویە مانگرتن لە خواردن.

کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان