تەقەی هێزە سنوورییەکانی سپای ئێران بریندار و کوشتەی لێکەوتەوە

KMMK:

ڕۆژی سێ شەممە ۲۹ی گەلاوێژی ۲۷۱۹ی کوردی هێزە سنوورییەکانی سپای پاسدارانی ئێران لە سنووری شنۆ بە بێ هۆشداری پێدانی پێشوەختە کاروانک کۆڵبەریان دایه بەر دەسڕێژ و بەو هۆیەوە گەنجێکی ۳۲ساڵان بە ناوی ” محەممەد حەمی زادە ” خەڵکی گوندی ” ماتە خرپە” ی سەر بە شاری سەڵماس دەکوژرێ.

هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە ۲۷ی گەلاوێژ لە سەردەشت و ناوبەری گوندەکانی “بێژوێ” و ” گوێزڵی” هێزەکانی سپا وەرزێرێکیان بە ناوی “سدیق عەلیخانی” یان کردە ئامانج لە حاڵێکداسەرقاڵی کۆکردنەوەی مازوو بوو و برینداریان کرد.

بە گوێرەی هەواڵەکە سدیق عەلیخانی گوازراوەتەوە بۆ چارەسەری بۆ نەخۆشخانەی خومەینی لە شاری سەردەشت.

لە لایەکی ترەوە ڕۆژی چوارشەممە ۳۰ی گەلاوێژ لە ناوچەی سنووری سیارک ـی ورمێ هێزە سنوورییەکان جارێکی تر کاروانێک کۆڵبەریان کردە ئامانج و لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەم هێزانە کۆڵبەرێکی گەنج بەناوی ” سادق ئەورازی” خەڵک گەورەدێی برادۆستی ورمێ ڕانی فیشەکی بەر کەوتووە.

شیاوی باسە ؛ کۆڵبەرە بریندارەکە گوازراوەتەوە بۆ بەشی پاراستنە تایبەتەکانی نەخۆشخانەیەک لە ورمێ.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئەماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە ماوەی ۸ مانگی ڕابردوو بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە هەژماری ئەم ڕووداوەنەوە ۹۸ کۆڵبەر و ۱۰ کاسبکار بریندار و ۴۹ کۆڵبەریش کوژراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

پەیوەندی
@KMMKADMIN
تێلگرام
@KMMKKURDISTAN