دەسبەسەری دوو چالاکی دیکە لە کامێران

KMMK:

سێ شەممە ۱۵ی گەلاوێژی ۲۷۱۹ی کوردی، “ڕەفیق کاکی”و ” ئەمجەد سەیفی” لە ئەندامانی حیزبی یەکیەتی نەتەوەیی دوێنێ لە کامێران لە لایەن سازمانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەسبەسەر و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.ئەم دوو چالاکە سیاسییە لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەسبەسەری چالاکانی کورد لە لایەن حکوومەتی ئێران هاتۆتە ئاراوە.
جێی بیرهێنانەوەیە کە بە پێی ڕاپۆڕتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ، لە هێرشێکدا هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری کامێران بۆرهان کەمانگەر، سروان مورادی، ئارمان قۆیتاسی و بێهزاد کەمانگەر دەسبەسەر کران.
هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کاتی دەسبەسەری ئەم چالاکانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هیچ چەشنە حوکمێکی دەسبەسەرکردنیان بە دەستەوە نەبووە و بە هێنانە ئارای ترس و دڵەڕاوکێ دەستیان دایە دەسبەسەری ئەم هاوڵاتیانە.

تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لە مەڕ هۆکار و تاوانی سەپێنراو بەسەریاندا زانیارییەک دەست نەکەوتووە.

کۆماری ئیسلامی ئێران بە دەسبەسەر کردنی هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەوڵی ئەوەدایە کە کۆمەڵگای مەدەنی ئەم بەشە لە کوردستان سەرکووت بکات.

بە پێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە دەسپێکی ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە ۲۵۰ کەس دەسبەسەر کراوە کە بە دەسبەسەری ئەم دوو کەسە ئاماری دەسبەسەرکراوان گەیشتۆتە ۲۵۲ کەس.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان