KMMK:
رۆژی یه‌ك شه‌ممه ٢٣ی پوشپه‌ڕی ئه‌مساڵ، هێزه‌كانی وه‌زاره‌تی ئیتلاعاتی كۆماری ئیسلامی ئێران له ورمئ دوو برای خه‌ڵكی گوندی حاجی حه‌سه‌ن سه‌ر به شاری مه‌هاباد به ناوه‌كانی « كه‌یوان و ئاوات به‌هرۆزی» ده‌ست به‌سه‌ر كردووه و بۆ شوێنێكی نادیار براون.
به پێی وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار: هێزه ئه‌منیه‌تیه‌كان هێرشیان كردوه‌ته سه‌ر شوێنی كاری كه‌یوان( نوێنه‌رایه‌تی فرۆشی كود و سه‌می كشتوكاڵ) و پاشان ئاواتی برای له‌كاتێكدا كه له سه‌ر زه‌ویوزاری خۆی سه‌رقاڵی كشت و كاڵ بووه له لایه‌ن ئه‌و هێزه‌وه ده‌ست به‌سه‌ر كراوه.
ئه‌م سه‌رچاوه‌یه پاشان وتویه: ئه‌م دوو برایه له‌به‌رچاو دانیشتوانی گوندی حاجی حه‌سه‌ن له لایه‌ن ئه‌م هێزه‌وه بێ‌ڕێزییان پێ كراوه و ئاوات به‌ره‌و رووی توندوتیژی و لێدان بوه‌ته‌وه.
كه‌یوان به‌هرۆزی ٣٠ ساڵان، زگورد و خوێندنی له ماستەری كیمیا ته‌واو كردووه و مه‌ودای ساڵی پار له نوێنەرایه‌تی فرۆشتنی كود و سه‌می كشت وكاڵی سه‌رقاڵ بووه. ئه‌م شارۆمه‌نده له كاتی بومه‌له‌رزه‌ی كرماشان چالاكیه‌كی به‌رچاوی هه‌بووه له بواری گه‌یاندنی یارمه‌تی بۆ لێقه‌وماوان.
ئاوات به‌هرۆزی، ۴۰ ساڵان ژیانی هاوبه‌شی پێك هێناوه و دوو منداڵی هه‌یه. ناوبراو له ساڵی پاره‌وه چه‌ندین جار له لایه‌ن ناوه‌نده ئه‌منیه‌تیه‌كانه‌وه بانگهێشت كراوه و خراوه‌ته ژێر لێكۆڵینه‌وه.
جێگای ئاماژه‌یه: یه‌كێك له ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی ناوبراوان ئه‌ندامی یه‌كێك له حزبه ئۆپۆزیسیۆنه كوردستانیه‌كانه و چه‌ندین ساڵه له ده‌ره‌وه‌ی جوگرافیای سیاسی ئێران‌دا ده‌ژیت.
چالاكانی مه‌ده‌نی و سیاسی كورد له لایه‌ن ناوه‌نده ئه‌منیه‌تیه‌كانه‌وه به شێوه‌ی به‌رده‌وام به‌ره‌وروی زه‌خت و هه‌ڕه‌شه و ده‌ست به‌سه‌ر كردن و به‌ندیخانه ده‌بنه‌وه و ئه‌و چالاكانه‌ی كه له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌چنه ده‌روه، ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كانیان له لایه‌ن ناوه‌نده ئه‌منیه‌تیه‌كانه‌وه به‌ره‌وروی هه‌ڕه‌شه و ده‌ست به‌سه‌ر كردن ده‌بنه‌وه و ته‌نانه‌ت سزای به‌ندكردنیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێت. به پێی راپۆرتگه‌لی ناوه‌ندی ئاماری كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی كوردستان له سه‌ره‌تای ساڵی نوێی زایینیه‌وه تا ئێسته ٢١٣ شارۆمه‌ند بریتی له چالاكانی مه‌ده‌نی و سیاسی و … له لایه‌ن ناوه‌نده ئه‌منیه‌تیه‌كانه‌وه ده‌ست به‌سه‌ر كراون.
كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی كوردستان