KMMK:
ڕۆژی چوارشەممە ۲۲ی جۆزەردانی ۲۷١٩ی کوردی قەوارەیەکی بەربڵاو لە زەویە کشتووکاڵییەکانی گەورەدێی حوومە سەربە شاری گێڵانغەرب لە پارێزگای کرماشان بوو بە پۆلوو.
ئاگرکەوتنەوەی سەرلە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە لە گوندی «کەڵەجووبی گەورەدێی حوومە» دەستی پێکردووە و بووە بە هۆکاری لەناوچوونی پتر لە ۷۰ هێکتار لە گەنمی ۶ گوند وخەساریشی داوە لە هێڵی کارەبای گوندەکان کە لە ۱۰ بۆ ٤۰ لەسەت خەساری پێ گەیاندوون.
هەروەها هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە؛ ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئاژەڵ و مەڕو ماڵاتی ئەم گوندانە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لەناو چوون.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی پێنج شەممە، دارستانی گوندی کرژاڵ سەربە سەردەشت ئاگری تێبەردراوە و لەناو چووە کە هۆگرانی ژینگە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگرەکە داوایان لە کۆمەڵگای مەدەنی و خەڵک کردووە هاریکاریان بکەن.
بە دەسپێکردنی وەرزی گەرما و ئاگرکەوتنەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زەوی و زاری کشتوکاڵی و سەدان هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەناو چوون.
بە گوێرەی هەندێ سەرچاوە و شایەتحاڵی ئاگادار: ئاگرکەوتنەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن سپای پاسداران و دەست و پێوەندییەکانەوە دێنە ئاراو وژینگە کوردستان بە ئەنقەست لە ناو دەبەن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان