KMMK:
بۆ بەدواداچوونی ئەو کۆمەڵکوژیە دژە مرۆڤیەی حکومەتی تورکیا و گرووپی تێرۆریستی سەر بە تورکیا کە در ئەنجامەکەی لە ناوچوونی هزاران مرۆڤی لە ڕۆژئاوای کوردستان لێکەوتۆتەوە، پێویستە کە دادگایەکی ناونەتەوەیی و کۆمیسیۆنی بەدواداچوون بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاستێکان لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەوێتە گەڕ.
پێویستی وەها دادگایەک و کۆمسیۆنێک لە باروودۆخێک دایە کە لە ئێستا دا سەدان ئەندامی گروپە تێرۆریستەکانی سەر بە حکومەتی تورکیا وەک داعش لە ڕۆژئاوای کوردستان دەسبەسەرکراون و ئەندامانی دەسبەسەرکراو کە بریتین لە ئەژمارێک خەڵکی وڵاتانی تورکیا، ئێراق، سووریە و وڵاتانی ئەورووپی و وڵاتانی تری جیهان.
دادگایی کردنی ئەو کەسانە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەتوانێ سەرپۆش لە سەر زۆرێک لە راستێ شاراوەکان لە بواری ئەو کۆمەڵکوژیانەی ئەو کەسانە و پاڵپشتەکانی ئەوان لە ڕۆژئاوای کوردستان کردوویانە هەڵبگرێ و بە سازکردنی وەها کۆمسیونێک بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاستێکان لە ڕۆژئاوای کوردستان دەتوانرێ تەواوی ئەو کۆمەڵکوژیانەی روویان داوە وەک بەڵگەیەک بنووسرێن هەتا پێشی دووپات بوونەوەی لە داهاتوودا بگیرێت.
تاکوو ئێستا زۆر کۆمسیۆنی وەها لە ناوچە و وڵاتانی جیهان بۆ ڕوونکردنەوە و بەڵگەکردنی کۆمەڵکوژییە دژە مرۆڤیەکان سازکراون، کە لەوانە و گرینگترینی ئەوان دەکرێ ئاماژە بە کۆمسیۆنی ڕوونکردنەوەی راستی لە ئافریقای باشوور، تەیمووری ڕۆژهەڵات و یووگۆسلاوی بکەین، کە لە تەواوی ئەوانەدا دوای بەڕێوەچوونی دادگای ناودەوڵەتی و کۆمسیۆنەکانی ڕوونکردنەوەی ڕاستی، کەسانی تاوانبار دادگایی کراون و ئاکارەکەیان وەک کۆمەڵکوژییەکی دژە مرۆڤی ناسێندراوە و هەروەها بۆ دانپێدانانی کردەوەکانیان لێپرسینەوە یان لێکراوە. کە لە ئاکام دا ئاشتی و ئەمنیەتی نەتەوەکان و خەڵکی کۆمەڵکوژکراو سەقامگیر بووە و ئەو نەتەوانە توانیویانە لە بواری رووحی تا ڕادەیەک هێور ببنەوە.
تا ئێستا ڕێکخراوەی ناونەتەوەیی، یەکیەتی ئەوروپا، ئامریکا و وڵاتانی ئەورووپی لە ئەرکەکانی خۆیان لەو بوارەدا کۆتاییان کردووە و نەیان وویستووە کە ئەرکەکانی خۆیان پێکبێنن.
کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان داوا لە حکومەتی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان دەکا تا لە رێکخڕاوەی نەتەوەیەکگرتووەکان، یەکیەتی ئەوروپا و تەواوی وڵاتانی جیهان و تەواوی ئەوکەسانەی لەو بوارەدا ئەرکدارن، خوازیاری سازکردنی دادگای نێودەوڵەتی و کۆمسیۆنی ڕوونکردنەوەی راستی بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو کۆمەڵکوژیانەی لە هەمبەر خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان روویان داوە، ببێت.
کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان


