سیاسەتی کۆلۆنیگەری حکومەتی ئێران وای کردووە ۵٤ لە سەتی حەشیمەتی پارێزگای ســنە بە ناچار نیشتەجێی تەنیشت (گەڤەر)ی شارەکان بن

KMMK:

پێنج شەممە ۲ی جۆزەردانی ۲۷۱۹ی کوردی، بەرپرسی گشتی بابەتە کۆمەڵایەتیی و کولتووری پارێزگاری کۆماری ئیسلامی ئێران لە ســنە لە دانیشتنێک دا بە ناونیشانی «لێکدانەوەی دەرەنجامی نووسینگەکانی ئاسانکاری لە گەڕەکە کەنارە نشینەکان» ڕایگەیاندووە کە تەنیا لە شاری سنە ۱۷ گەڕەکی گەڤەرنشین بوونی هەیە، ئەم ئامارە بەدەرە لە ناوچە کەنارنشینەکانی دیکەی ئەم پارێزگایە و پارێزگاکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

بەپێی ووتەکانی ئەم بەرپرسە حکومەتییەی ئێران ۵٤ لە سەتی حەشیمەتی پارێزگای ســنە گەڤەرنشینن، ئەم ڕێژەیە بە واتای نیشتەجێ بوونی نێزیک بە ۶۲هەزار و ٤۱۷ بنەماڵە لە ناوچە کەنارەکاندایە.

سیاسەتی کۆلۆنیگەری حکوومەتی ئێران لە ماوەی چوار دەیە دەسەڵاتداری ئیسلامی بووە بە هۆی گەشەی بەپەلەی بێکاری وهەژاری خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

دانیشتوانی شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێبەرین لە هەر چەشنە پێداویستی سەرەتایی ژیان و حکومەتیش ئەو بووجە کەمەی تەرخانی ئەم ناوچانە کراوە لەڕێی پڕۆژە چەکداری و ئەمنیەتییەکانی خۆی دەکاری دەگرێ.

شیاوی باسە کە زۆرینەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وبەتایبەت ناوچە کەنارنشینەکان بێبەرین لە هەبوونی قوتابخانە، دەرمانگە، ئاوی بۆریە، ڕێگەی قیرەتاو و ئاوەڕۆی سەرداپۆشراو و پارک وکەرەستە وپێداویستی ڕابواردن و وەرزشی.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەژییە لە سەرچاوەی سرووشتی، هێزی کاری شارەزا و پڕۆفیشناڵ و پەروەردەکراو، پوتانسیەل گەل (ماتەوزە)ی گەشەی ئابووری و پیشەسازی.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان