KMMK:
رۆژی پێنج شەممە دووی جۆزەردانی ئەمساڵ، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لەشاری سنە سێ چالاکی خەڵکی ئەم شارەیان بەناوەکانی «ئیدریس منبەری کوڕی جەلال ۳۴ ساڵان»، «زەهرا موحەممەدی کچی ئیبراهیم ۲۷ ساڵان» و «رێبوار منبەری ۲۵ ساڵان» یان دەست بەسەر کرد.
ئەم سێ چالاکە مەدەنییە ئەندامی رێکخراوەی کولتوری- کۆمەڵایەتی «نۆژین»ن و لەبواری فێرکاری زمانی کوردی لە شارەکانی پارێزگای سنە چالاکی دەکەن.
بە پێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار: سەرەڕای بەدواداچونی بنەماڵەی ئەم چالاکانە، لە هۆکار و شوێنی دەستبەسەر کردنیان هیچ زانیاریەکیان بەردەست نەکەوتووە.
بە پێی راپۆرتگەلی ناوەندی ژمێریاری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای ساڵی نوێی زایینیەوە تا ئێستە ۱۲۲ چالاکی کولتوری، سیاسی، ژینگەپارێز، کرێکاری و… لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەست بەسەر کردووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان