هەوڵ بۆ دەسبەسەری چالاکێکی سیاسی لە ورمێ/هەڕەشە وگوشاری وەزارەتی ئیتلاعاتی سپا بۆسەر بنەماڵەکەی

KMMK:

سەروەت ئازەرنیووش لە چالاکانی سیاسی لەورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێشووتریش بە تۆمەتگەلی ئەمنییەتی چەنددین جار دەسبەسەر وپتر لە دوو ساڵیشی لەزیندان تێپەڕاندبوو، جارێکی دیکە لە چەندد مانگی ڕابردوو بانگهێشتی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران کراوە و هەوڵەکان بۆ دەسبەسەری ناوبراو لە هێرش بۆ سەر ماڵ وبنەماڵەکەی بەردەوامە.

ئەم زیندانییە سیاسییەی کورد کە یەکەم جار لە ساڵی ۱۳۸۵ لە ورمێ پاش بەرکەوتنی فیشەک و برینداربوون بە تۆمەتی ” هاریکاری حیزبە ئوپوزیسیۆنە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران” و هەروەها ” پڕوپاگەندە دژبە دەسەڵات” دەسبەسەر وپاش چەنددین مانگ گوشار و ئەشکەنجە لە ژوورە تاکەکەسییەکای ئیتلاعاتی سپا بە ۱۸ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو.

ساڵێک لە دوای ئازادی لە ساڵی۱۳۸۷، ناوبراو سەرلە نوێ بە هێرشی ڕایەدارانی ئیتلاعاتی سپا و بە لێدان و کوتەک و بە تۆمەتگەلی هاوشێوە دەسبەسەر وگوازرابوویەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیتلاعاتی سپا لە شاری ورمێ.

ئەم چالاکە سیاسییە کە بەهۆی ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحی چەنددین جار گوارابوویەوە بۆ نەخۆشخانەکانی دەرەوەی زیندان، لە ئەنجامدا پاش
۵ مانگ ،بەبێ دادگایی کردن و دیاری کردنی حوکم ئازاد کرابوو و لە کاتێکدا کەبە پێی ڕاگەیاندنی بە پارێزەر لەسەر بێ تاوان بوونی ناوبراو لەو تۆمەتانە، وا وێنا دکرا کە دۆسییەکەی بەتەواوی داخراوە،ناوبراو سەرلەنوێ ساڵی ۱۳۹۷ پاش چەنددین جار بانگهێشت کردن و بەدواداچووی پارێزەرەکەی تێدەگات کە لەگەڵ حوکمی ساڵێک زیندان ڕووبەڕوو بووەتەوە.

سەروەت ئازەرنیووش، جارێکیتر هاوینی ۹۲ لە پێوەندی لە گەڵ چالاکییەکانی براکەی،” فەرشید ئازەرنیووش” لە چالاکانی پێشووی خوێندکاری لە ئێران کە هەنووکە لە دەرەوەی وڵت دەژی،دیسانەوەیش بانگهێشتی وەزارەتی ئیتلاعات کرابوو.
وەزارەتی ئیتلاعات ئەم چالاکە سیاسییەی تاوانبار کردبوو کە هانی براکەی داوە وپاڵی پێوەناوە کە لەوڵات بچێتە دەرەوە و پەیوەستی حیزبە کوردییەکان ببێت.لە هەمان حاڵدا ئەرکدار کرابوو تا لەهەمبەر دیاری کدنی دۆخی براکەی و هۆشداری پێدانی لە بواری چالاکییە سیاسییەکانی دژ بە کۆماری ئییلامی لە دەرەوەی وڵات هاریکاری پێویست لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەتییەکان بکات.

سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو سەرلە نوێ دەیان کەس لە هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هەڵیان کوتایە سەر ماڵی ناوبراو بۆ دەسبەسەری ،کەبە پێی ڕاگەیاندنی بنەماڵەکەی ، ئەو هێزانە نەیان توانیووە دەسبەسەری بکەن.
هەرلەم پێوەندییەدا بنەماڵەکەی دەیان جار لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ڕێی تلەفونەوە هەڕەشەیان کراوەتەسەر کە لە ئەگەری بچووکترین حاڵەتی بڵاوکردنەوەی هەواڵ و بەڕاگەیاندن کردنی ئەم ڕووداوانە ” تۆمەتەکانی گرانتر دەکەون” و ” بێ ئەملاو ئەولا دیکەی ئەنداانی بنەماڵەکەیشی دەسبەسەر دەکرێن.”
وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە نوێترین هەڕەشەدا داوایان لە بنەماڵەکەی کردبوو کە هاریکاری وەزارەتی ئیتلاعات بکەن و مانگێک مۆڵەتتان پێدەدرێ تا ناوباو ڕادەستی ڕادەستی ئێمە بکەن.
بەپێی ئەوەی وێنا دەکرێ ڕەنگە ئەم چالاکە سیاسییە لە ئێران چوبێتەدەرەوە و بەگوێرەی هەواڵەکان هەنووکە لە تورکیادای، مەترسی ئەوەیش هەیە بەبۆنەی نێزیکی ئەمنییەتی و هاریکاری دامەزراوە ئیتلاعاتییەکانی دەوڵەتی ئێران و تورکیا ، ئەم چالاکی سیاسییەی کورد لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ڕادەستی ئێران بکرێتەوە .

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان