KMMK:
دوشەممە ۱۳ی مانگی مای ۲۰۱۹ ژنێکی تەمەن ۱۷ ساڵ بە ناوی ئەژین کە ساڵێك و پێنج مانگ لەمەوبەر هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێک بە ناوی(ح) تەمەن ۱۹ ساڵ كردوە، دەکەوێتە بەر توندوتیژی هاوژینەکەی و لە ئاکامدا رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت.
ئەژین و هاوژینەکەی خاڵۆزا و پوورزای یەكترن، ئەژین دەڵێت رۆژی ۱۳ی ئەم مانگە بە توندی لەلایەن مێردەكەی و خوشكی مێردەكەیەوە لێیدراوە و پاشان داغ كراوە. دواتر تووشی خوێنبەربوون بووە و خەسووی بردوویەتی بۆ نەخۆشخانە. لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوای هەولێر پۆلیس لێکۆڵینەوە لە ئەژین دەکات و دەردەکەوێت کە لە لایەن هاوژین و ماڵباتی هاوژینەکەی لێیدراوە.
رێژەی ئەشکەنجە و لێدانەکان ئەوەندە زۆر بووە کە منداڵەکەی بە مردووی دێتە دونیا.
ئەژین بە پۆلیس دەڵێت: “ماوەی ساڵێك و پێنج مانگە لەگەڵ (ح) خێزانمان پێكهێناوە و لە ماڵی باوكی (كە خاڵمە) دەژیاین، حەوت مانگی سەرەتا بێ كێشە بووین، بەڵام دواتر بەهۆی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی هەڵەوە تووشی كێشە بووم، (ح) بە كێبڵ لێیدام و پاشان بە ئوتوو داغی كردم، منیش لە ترسی ئەوەی ماڵی باوكم بە هەڵە لێم تێنەگەن بێدەنگ بووم”.
ئەو دەڵێت “(ح) بە بەرچاوی خەسوومەوە كە پووریشمە ئەشكەنجەی دەدام، ئەو نەك هەر بەرگری لێنەدەكردم، بەڵكو دەرگای لەسەر دادەخستم. (ح) فەلاقەی دەكردم و دەشیگوت دەنگ بكەی دەتكوژم. لە هەموو شوێنێكی دەدام تەنیا دەموچاوم نەبێ، بۆ ئەوەی خزمەكانم هەست نەكەن”.
ئەژین تا سەر بەرگە ناگرێ و دەچێتەوە ماڵی باوكی، بەڵام باوكی ئامۆژگاری دەكات و دەڵێت ئەو جۆرە كێشانە لە نێوان ژن و مێرد هەر دەبێ. بۆیە دەگەڕێتەوە لای هاوژینەكەی.
ئەژین دەڵێت دوای گەڕانەوەی، ئەمجارەیان منداڵەكەی نێو سكیان كردووە بە بیانوو. ئەو دەڵێت: “(ح) و خوشكەكەی پێیاندەگوتم منداڵەكەی نێو سكت كوڕە یان كچ ؟ منیش نەمدەزانی، بۆیع مێردەكەم بە كاویەی لەحیم داخی كردم و هەموو گیانی كردم بەخوێن”.
وەك ئەژین دەڵێت، مێردەكەی و دشەكەی چەندینجار ئەشكەنجەیان داوە، دوایینجار ۱۳ی ئەم مانگە بووە، ئەویش بەرگەی نەگرتووە و تەلەفۆنی بۆ باوكی كردووە. بەڵام دوایی دوبارە بەر لێدانی هاوژینی دەکەوێت.
ئەژین دەڵێت: “لەسەر رەگەزی منداڵەكە ئەمجارە دشەكەم بەقژ منی راكێشا بەماڵەكەدا، هاوژینەكەشم كێبڵ و ئوتووی هێنا هەموو گیانی داخ كردم، ئەوەندەی كێبڵ و لەقە كێشا بە پشتمدا، هەستم كرد منداڵەكەم پسا و پەیوەندی بەمنەوە نەما.”
كارمەندێكی نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵان بەناوی (ك) باسی هێنانی ئەژین بۆ نەخۆشخانەكەیان دەكات و دەڵێت “خەسووی هێنای بۆ نەخۆشخانە ، بەڵام كە بینیمان هەموو گیانی جێگای كێبڵ و شوێنی پێڵاو بوو، زانیمان ئەشكەنجە دراوە، بەڵام خەسووی نكۆڵی كرد و گوتی لەسەربان كەوتووەتە خوارەوە. ئەژینیش تەنیا هاواری دەكرد منداڵەكەی بۆ رزگار بكەین، بەڵام لەدەستی دابوو، بۆیە رەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوامان كرد، لەوێ چارەسەریان كرد، بەڵام بەداخەوە منداڵەكەی كە كەمتر لە هەفتەیەكی مابوو، بەهۆی ئەشكەنجەوە بە مردوویی لەدایك بوو”.
نەقیب رێباز زێوەر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە هەولێر لەو بارەوە رایگەیاندووە كە دادوەر بەپێی مادەی حەوت لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ مێردی ژنەكە دەركردووە، بەڵام هەڵهاتووە.
جێی ئاماژەیە کە ساڵانە رێژەیەکی زۆر لە ژنان لە باشووری کوردستان دەبنە قوربانی و لە لایەن ماڵباتیان ئازار دەدرێن یا دەکوژرێن، بە هۆی نەبوونی سیستەمێکی پتەوی یاسایی هیچ کات بکەران و تۆمەتباران سزا نادرێن
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


