پیرانشار/کرێکارانی بێ مووچەی پڕۆژەی کـانی‎سێو و هەڵسووکەوتی شاراوەی سووپای پاسداران

KMMK:

کرێکارانی پڕۆژەی بەنداوی کانی‎سێو‌-ی (کانی سیب) پیرانشار بە ماوەی درێژخایەن مووچەیان پێنەدراوە و پەیمانکاری پڕۆژەکە بە مانگان پێیان قەرزدارە.

پڕۆژەی بەنداوی کانی سێو لەو پڕۆژە گەورە و چەندبابەتییانەیە کە حکومەتی ئێران زیاتر لە ۱۳ ساڵە سەرقاڵی درووستکردنێتی و هێشتا تەواو نەبووە.

بە ووتەی خەڵکی ناوچەی پیرانشار: بە هۆی سازکردنی بەنداوی کانی سێو نیزیک بە ۶ گوند چۆلکراون کە تا ئێستا لە لایەن دەوڵەتی ئێران و پەیمانکاری بەنداوەکە کە شەریکەیەکی سەر بە سووپای پاسدارانی ئێرانە بۆ قەرەبووی ئەم خەسارانە کە بەر گوندنشینەکان کەوتووە، هیچ شتێک نەکراوە.

جێگای سەرنجە، کە لە ناوچەی کانی‎سێو پێشتر چەند گردێکی لێبووە کە بە ووتەی خەڵکی ئەم ناوچەیە هەڵگری زۆر ئاسەواری مێژوویی بووە کە لە لایان هێزەکانی سووپای پاسداران هەڵکەندراوە و بۆ شوێنی نادیار ڕاگوێزراون.

هەروەها بە ووتەی کەسێکی ئاگادار و بەشێک لە خەڵکی گووندەکە: لە پڕۆژەی کانی سێو جودا لە مەبەستی سازکردنی بەنداو و تێکدانی ئێکۆسیستمی ناوچەکە، لە لایەن هێزەکانی سووپای پاسداران لە شوێنی دێپۆی ئاو، توونێلێکی گەورە لە ناوچەی خورینج لێدراوە کە ڕۆژانە بە ماوەی پێنج ساڵە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بە باری نەزانراو و چوون بۆ شوێنی نادیار وەدەردەکەون.

بە ووتەی هەر ئەم کەسە: لە دەورووبەری ئەو توونێلەی لە خورینج لێیان داوە مەیانی مغناتیسی بەهێز دابەستراوە کە بە ئەگەری نیزیک بوونەوە لە تونێلەکە هەموو سیستمی ئێلەکتڕۆنیکی لە کار دەکەوێ.

لە دوایی دا جێگای ئاماژەیە کە، سووپای ترۆریستی پاسدارانی ئێران و ئەو شەریکانەی سەربە ئەوان، وەک هەناردەی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەستیان بە سەر خەڵکی ڕۆژهەڵات دا گرتووە و بە بیانووی وەها پڕۆژەهایەکی ئاوەدانکردنەوە بەدوای سەرەقووتەی ئەمنییەتی و دەسبەسەرداگرتن بەسەر دارایی نەتەوەیی خەڵکی کورد ن، کە سەرەڕای ئەوەش لە پێدانی مووچە بەکرێکاران لە کاتی خۆی دا خۆدەبوێرن.

کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان