KMMK:
شەممە ۲۱ی گوڵانی ۲۷۱۹ کوردی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستاندا و لە سنووری پارێزگای هەولێر، هاتووچۆی لە ٧٩ گوندی دەڤەری برادۆست قەدەغە کردووە، هەروەها لە ڕێگەی فڕۆکەوە ٢٤ کاتژمێر چاودێری سنوورەکە دەکات.
قەدەغە کردنی هاتووچۆ لە ناو خاکی باشووری کوردستان، پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری خاکی باشووری کوردستان و حکومەتی هەرێمە و بێدەنگی حکومەتی باشووری کوردستان لەم بارەوە، شکاندنی کرامەتی گەلی کوردستانە.
قەدەغەی هاتووچۆ، کۆنترۆڵی ئەو ناوچەیە و هەبوونی پایەگای سەربازی تورکیا لەو ناوچەیە هاوکاتە لەگەڵ بۆمباران و هێرشە ئاسمانی حکومەتی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچەیەی باشووری کوردستان.
ئەو قەدەغە کە لە لایەن سەربازانی سوپای تورکیا بەسەر خەڵک دا سەپێنراوە بە شێوازێکە کە خەڵک دوایی کاتژمێر ۱۰ی شەو مافیان نیە لە ماڵ بێنە دەر و لە ئەگەری هاتنە دەر بەر تەقەی هێزەکانی تورکیا دەکەون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان دەستتێوەردانی حکومەتی تورکیا لە باشووری کوردستان پێشێلکاری ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و پێشێلکاری ئاشکرای سەروەری خاکی باشووری کوردستان دەزانێت.
لەو پێوەندیەدا داوا لە حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان دەکات روونکردنەوە لەسەر ئەو بابەتە بدات و هەرچی زووتر ئاسایش و سەروەری بۆ ئەو ناوچەیەی کوردستان دابین بکات.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان