بە پێی هەواڵێک کە ناوەندی هەواڵی دەنگی ئەمریکا بەشی کوردی بڵاوی کردۆتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە لە شاری ئامەد لە باکوری کوردستان، خەجیجان فارقین پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ دوو ڕۆژنامەوانی دیکە بەرەو ناوچەی میدیەت بەڕێ دەکەون تاوەکو لەوێ ڕووماڵی هەواڵەکان بکەن لە شوێنی تەقینەوەکەی ئەم ناوچەکە، بەڵام لە لایەن کۆمەڵێـک کەسی سەر بە حکومەتی تورکیا هێرشیان کرایەوەتە سەر و برینداریان کردون.
خەجیجان لە وت و وێژێک لە گەل دەنگی ئەمریکا وا باس دەکات: هێرشبەرەکان تاوانباریان کردوون بەوەی بە پەنجەکانیان نیشانەی سەرکەوتنیان پـیشانداوە و گوایە کار بۆ کەناڵی ڕۆژ تیڤی دەکەن.
دەشڵێت بە شێوەیەک لێـیان داون وەک ئەوەی بیانەوێت بیانکوژن، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کاتێـک سەریان شکاندووە و خوێن بەسەر دەموچاو و جلەکانی هاتووەتە خوارێ وازیان لێ نەهێناوە و هیچ هەوڵێـکیان نەداوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی بکەن.
جێی ئاماژەیە دەوڵەتی تورکیا ئیزنی رۆژنامەوانان نادات، هەواڵەکانی باکوری کوردستان وەکو خۆیی بڵاو کەنەوە، تا ئێستاش چەندین رۆژنامەوانی بیانی بە هۆیی ئەوەی راستیەکانی شەری تورکیا دژی کوردانیان بڵاو کردۆتەوە، لەو وڵاتە دەرکراون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان