پێویستە سایتی وشه‌ داوای لێبوردن له‌ بنه‌ماڵه‌ی ئیقباڵ مورادی بكات/ حکومەتی ھەرێمی باشووری کوردستان دۆسیەکە یەکلایی بکاتەوە

KMMK:

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وێرای ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکانی ماڵپەری «وشە» لەسەر کەیسی قوربانی تێرۆر «ئیقباڵ مورادی» داوا لەو لە ناوەندەی ڕاگەیاندنە دەکات داوایی لێبووردن لە ماڵباتی ئەو گیانبەختکراوانە و کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بکات.

ئیقبال مورادی ئەندامی دەستەی رێبەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بووە و بە چەندین ساڵ ئەندامی فەرمی و ناسراوی ئەو ناوەندە ماف مرۆڤییە بوو. ناوبراو لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە چەندین جار هەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو و چەندین جاریش هەوڵی تێرۆر کردنی درابوو. لوقمان و زانیار مورادی دو گیراوی سیاسی کورد بوون کە لە لایەن حکومەتی ئێران وەک بارمتە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کرا و لە کۆتایی دا و به‌ تۆمه‌تێكی ساخته‌ و ناڕاست لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران لەسێدارە دران.

ناوەندی وشە لە راپۆرتێكدا دا چەندین تۆمەتی سەیر و دوور لە راستی دەخاتە پاڵ ناوبراو و سەرچاوەی زانیاریەکانی دەگەڕێنێتەوە بۆ هەواڵگری عێراق. ماڵپەڕی وشە تۆمەتی دوور لە راستی دەخاتە پاڵ ناوبراو ، لە هەمان کاتدا تێرۆرکرانی ناوبراو دەخاتە ئەستۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان رێگه‌ نادات ئیقبال مورادی ببێتە ئامرازی یەک لا کردنەوەی ململانێی حزبی و ناکۆکی نێوان پارتە سیاسیەکان و ئەمەی ئەوان دەیکەن سوکایەتی و جارێکی تر تیرۆر کردنەوەی ئەو شەھیدەیە.

ناوەندەکەمان لەسەر ئەو باوەڕەیە بە ئەنجام نەگەیاندنی لێکۆڵینەوەکانی ئەو دۆسیە وا دەکات سایتێکی لەو جۆرە ھەوڵ بۆ بەلاڕێدابرنی ببا و پاکانە بۆ دەسەڵاتی تیرۆریستی ئێران بکات.

له‌ راپۆرته‌كه‌ی ماڵپه‌ڕی وشه‌دا له‌ زاری ره‌زا كه‌عبی جێگری سكرتێری گشتی كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان چەندین بابەتی دوور لە راستی باس کراون، بۆیه‌ پێویسته‌ ناوبراویش له‌و باره‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ بدات، كه‌ ئاخۆ بڕوای بۆ ئه‌و تۆمه‌ته‌ هه‌ڵبه‌ستراوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێران هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ زانیار و لوقمان مورادی یان نا؟

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وێرای رەت کردنەوەی تۆمەتەکانی ماڵپەری وشە لەسەر ئیقبال مورادی، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە بە سەرئەنجام نەگەیاندنی دۆسیەکە لە لایەن حکومەتی باشووری کوردستان هۆکاری سەرەکی بابەتی لەو جۆرەن، کە سایتەکانی وەک وشە بێ لەبەر چاو گرتنی راستیەکان زانیاری درۆ بڵاوبکاتەوە. ناوەندەکەمان چەندین جار داوایی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سیستەمی دادی ئەو حکومەتە کردوە کە بکوژانی ئیقبال مورادی بدۆزێتەوە و دادگاییان کات، بەڵام تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکیان لەم بارەوە نیشان نەداوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان دوبارە داوا لە حکومەتی باشووری هەرێمی کوردستان دەکات بکوژانی ئیقبال مورادی شناسایی بکات و بیانداتە دادگا.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان