ڕۆژی جیهانی کرێکاران ڕۆژی پشتیوانی لە کۆڵبەران/۱۰۲کوژراو وبریندار تەنها لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی ۲۰۱۹ی زایینی

KMMK:

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سەرەڕای ڕێزلێنان لە ڕۆژی کرێکار، ئەم ڕۆژە لە تەواوی جیهان بە تایبەت چینی کرێکار و کاسبکاری کوردستان پیرۆز دەکات و داواکاری بەدیێهنانی تەواوی داواکاریە ڕەوا و یاسایەکانی کرێکارانە.

بێکاری و نەداری، نەبونی ئاسایشی کار، کرێ و موچەی کەم ، کاری زیادە لە توانای کرێکار و نەبونی تەئمینی کرێکاری ،نەبونی کاری سەندیکایی و سەنتەرەکانی داکۆکی لە مافی کرێکاران و… چەند بابەتێکن کە کرێکاران ڕۆژانە ڕووبەروویان دەبنەوە و بونەتە دەرد و ئازارێکی زۆر بۆ چینی کرێکار.

کۆماری ئیسلامی ئێران بە داسەپاندنی گوشار بۆ سەر کرێکاران و کاسبکاران و کۆڵبەران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆرترین گوشاری خستۆتە سەر ئەم چین و توێژە، کۆماری ئیسلامی ئێران بە بڕین و کەم کردنەوە بودجەی رۆژھەڵاتی کوردستان ،کارگە و کۆمپانیاکانی رووبەڕویی داخستن کردونەتەوە و بۆتە هۆی بێ کاری و نەداری زیاتری خەڵک کە لە ئاکامدا ئیش و کارگەلێکی وەک کۆڵبەری هاتونەتە ئاراوە کە خۆی بە پیشە و شوغڵ حیساب ناکرێت، ئەم ئیشە مەترسیدارە زیاتر خەڵک و کرێکارانی توشی نەهامەتی و نەداری دەکاتەوە.

یەکێک لە قێزەونترن کارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوشتنی کۆڵبەرانە کە تەنها لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی ۲۰۱۹دا ۲٦ کۆڵبەر بەتەقەی راسەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژراون و ۷٦ کۆڵبەریش بریندار کراون جگە لە کوشتنی ۲ کاسبکاری دیکە بە دەستی ئەم هێزە چەکدار و ئەمنییانەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە پێویست و زەرووری دەزانێت کە گوشارە ئەمنی و سیاسیەکان ، بڕیاری گرتنەکان و فشار خستنە سەر کرێکاران لە نیزیکترین کاتدا کۆتایی پێ بهێنرێت و مافی سەندیکا و سەنتەرەکانی داکۆکی لە مافی کرێکاران بدرێت و جێ بەجێ بکرێت و کرێکاران و کاسبکارن بتوانن بە ئازادی داوای مافی ڕەوای خۆیان بکەن.
پێویستە کە کرێ و حەق دەستی کرێکارن بەرامبەر بە کارەکانیان بێت و بە ئەندازەێک بێت بتوانن ژیانی ڕۆژانەی خۆیانیان پێ بەرێ بکەن .

سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمیشە دواخستنی ئابوری و بلاوکردنەوەی هەژاری و بێکاری بووە لەم ناوچەیە بە جۆرێک سەرجەم ئەم ناوچەیە توشی نەخۆشی و بێ کاری و سڕ کردن بکات، پێویستە هەمومان دژ بەم سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی ئێران بوەستینەوە و ئەم حکومەتە ناچار بکەین واز لەم سیاسەتە قێزەونانەی بێنێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان جارێکی تر ڕۆژی جیهانی کرێکاران لە تەواوی کرێکاران و کاسبکاران بە تایبەت کرێکارانی کورد پیرۆز دەکات و هیواخوازین کە هاودەنگی و یەکێتیمان ببێتە دەنگی نەبیستراوی کرێکارن و کۆڵبەران کە توشی زۆرترین نەهامەتی و زۆرداری و ژێر پێ خستنی ماف و داواکاریەکانیان بونەتەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان