تەرمی عەباس قادرزادە، ئەو کۆڵبەرەی کە بێ سەروشوێن ببوو، دۆزرایەوە

KMMK:

سێ شەممە ۱۰ی گوڵانی ۲۷۱۹ی کوردی تەرمی کۆڵبەری گیان بەختکردوو عەباس قادرزادە کە شەوی ۹ی ڕێبەندانی ۲۷۱۸ (سێ مانگ پێشووتر) لە کاروانی کۆڵبەران لە کوێستانەکانی بڕوێشکانی لە ناوچەی نەنۆری بانە لە ژێر بەفر ون ببوو ، دوابەدوای توانەوەی بەفرەکان دۆزرایەوە.

ناوبراو دانیشتووی شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە پاش ئەوەی شوێنێکی بۆ دابین کردنی تێچووەکانی ژیان نەدۆزیبوویەوە ڕووی لە کوێستانەکانی بانە کرد و هەر لەیەکەم ڕۆژی کۆڵبەریدا گیانی لە دەست دا.

۱۰ی ڕێبەندان خەڵکی بڕوێشکانی و فریاگوزاری لە گوندەکانی دەوروبەری بانە و سەقز زۆر بە دوای ناوبڕاودا گەڕابوون کە بێ ئەنجام مابوویەوە.

بەپێی داتاکانی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە ۶۷ کۆڵبەر بریندار و ۲۵ کۆڵبەریش کوژراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان