۱۳ شارۆمەندی بەهایی دادگایی کران

kmmk:
سێ شەممە ۱۰ی گوڵانی ۲۷۱۹ی کوردی، ۱۳ شارۆمەندی بەهایی دانیشتوی کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن دادگەی شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دادگایی کران. ئەم شارۆمەندە بەهاییانە پێشتر لە دوو قۆناغدا لە مانگی رەزبەر و خەزەڵوەری ساڵی ۹۶ لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی ئێرانەوە دەست بەسەر کراون و پاش تێپەڕینی چەند حەوتویەک بەدانانی بارمتە ئازاد کرابوون.

دانیشتنی دادگە بە بەشداری ۱۳ تۆمەتبار و ۵ پارێزەر بەڕێوە چووە و بڕی ۷ کاتژمێر دانیشتنەکە درێژەی هەبووە. تۆمەتگەلی پاڵدراو بەم شارۆمەندانەوە لەدانیشتنی دادگەدا ” بریتین لە، ئەندام بون لە گروپگەلی دژبەری حکومەت ” و” پروپاگاندا دژ بە حکومەت. “

بە پێی راپۆرتێک لە هێرانا، ۹ کەس لەم شارۆمەندانە بەناوگەلی” پەیمان قیامی، عیزەتوڵڵا شەهیدی، فرۆزان ئەمینی، کامبیز مۆرادی پوور، ئەمڕوڵڵا ئیسلامی، نێعمەتوڵڵا شادابی، سینو رەسوڵڵی، سپێدە ئەحراری و ئومێد کدیۆر” لە بڕواری ۲۶ی رەزبەری ۹۶ لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری کرماشان دەست بەسەر کراون و لە بڕواری ۱۳ی خەزەڵوەری ئەوساڵەدا بەدانانی بارمتەی ۱۰۰ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابون.

لە ۱۱ی سەرماوەزی ۹۶ هەروەها چوار شارۆمەندی بەهایی تر بەناوەکانی” نەغمە شادابی، سۆیلا شادابی، فەرزانە ئەمینی و فەرزاد تەبیانیان” لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە کرماشان دەست بەسەر کراون و پاش ۹ رۆژ بەدانانی بارمتەی ۱۰۰ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابون.

شارۆمەندانی بەهایی لە ئێران لە ئازادیەکانی پەیوەست بە بیرۆکەی ئایینیەوە بێ بەشن، ئەم بێبەش کردنە سیستەماتیکە لەکاتێکدایە کە بە پێی مادەی ۱۸ی جاڕنامەی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ و مادەی ۱۸ی بەڵێننامەی نێودەوڵەتی مافی مدەنی و سیاسی مرۆڤەکان مافی ئازادی ئایین و گۆڕینی ئایینی بە باوەڕ و هەروەا دەڕبڕینی بە شێوەی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ بە شێوەی روون و بەرچاو یاخودبە نادیاری دراوەتێ.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان