KMMK:
سوپای تورکیا بۆ پەرەپێدانی داگیرکاری و دژایەتی کوردستان، ماڵی هاوڵاتیان لە سنوری کۆبانی و لە بەری باکوری کوردستان داگیر دەکات و دەیانکاتە بارەگای سەربازی.
ئەوە لە کاتێک دایە کە حکومەتی تورکیا هەڕەشەکانی بۆ داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان زیاتر کردووە و سوپای تورکی جموجووڵەکانی لە سنوری ئەو هەرێمانە زیاتر کردووە، بەو پێیەش سەرقاڵی دروست کردنی بنکە و بارەگای سەربازییە لەو ناوچانە.
بە پێی زانیاریەکان سپای تورکیا لە ژمارەیەک لە گوندەکانی سەر سنوری کۆبانێ لە دیوی باکوری کوردستانەوە ماڵی هاوڵاتیانی مەدەنی داگیر کردووە و کردوونی بە بارەگای سەربازی و هەروەها لە دەوروبەرەکەیدا خەندەقی لێداوە.
لە ساڵی ٢٠١٨دا سوپای تورکیا بە دەیان گوندی سەر سنورەکانی رۆژئاوای کوردستانی بە تایبەتی ڕۆژئاوای کۆبانێ بۆردوومان کرد کە لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی مەدنی گیانیان بەختکرد.
هەروەها بە کۆکردنەوەی گرووپە تێروریستەکانی وەک داعش، ئەرتەشی ئازاد، جبهەالنصره، جبهه الشام و گرووپەکانی تری ئێسلامی هێرشی کردە سەر عەفرین و ئەو ناوچەیەی کوردستانی داگیر کرد.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان


