KMMK:
لە چەن ڕۆژی ڕابردوو دا دەستەیەک لە کۆڵبەران لە بەرزاییەکانی کانی خودا ی پیرانشار کەوتنە گەماڕۆی هێزە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ناچار کران شەو لە سەرمای کۆێستان دا تێپەڕ بکەن، لە ئاکام دا ئیمڕۆ چوارشەممە ۲٨ خاکەلێوەی ۲۷۱۹ کوردی گەمارۆ لە سەرمای سەختی ناوچەکە گیان لەدەستدانی سێ کۆڵبەری لێکەوتەوە.
ناو و نیشانی گیان بەختکردوان :
حوسێن شەمع زادە خەڵکی کانی ئەشکەوت، بەهمەن جەسوری خەڵکی شیناوێی سەر بە ناوچەی پیرانشار و سیروان پەشەنگ خەڵکی مووساڵانی سەردەشت.
گیان لە دەستدانی ئەو کۆڵبەرانە لە باروودۆخێک دا ڕوویدا کە کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تەواو گەمارۆ داوە و ئیزن بە هیچ جۆرە هەڵسوکەوتێکی ئێکۆنۆمی لە و ناوچەیە نادا و هاووڵاتییان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێگایەکیان جیا لە پەنا بردن بۆ کاری پڕ مەترسی کۆڵبەری بۆ نەماوەتەوە.
بە پێی زانیاری ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زایینی تا ئێستا ۶۴ کۆڵبەر بریندار و ۲۴کۆڵبەریش کۆژراون.
کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان


