برینداربوونی هاوڵاتیەک بەهۆی تەقینەوەی مین لەشاری قەسری شیرین

KMMK

ڕۆژی چوارشەممە ۱۷ی ڕێبەندانی ۱۳۹۷ی هەتاوی هاوڵاتییەکی کورد بەناوی ڕەمەزان شاهی ئەندامی دەستەی خاوێن کردنەوەی مین، لە ناوچەی سنووری قەسری شیرین لە پارێزگای کرماشان بەهۆی کەوتن بە سەر مینێکی دژە تاک پایەکی بەگرانی خەساری بەر کەوت.

بەگوێرەی هەواڵەکە ناوبراو خێزاندار وخاوەنی دوو منداڵە و گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری سەرپێڵ زەهاو بۆ چارەسەری پزیشکی.

شیاوی باسە، بەهۆی سیاسەتی سەرەڕۆیانەی لایەنە ئەمنیی و چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی وەکوو سپای پاسداران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە دەیهەوێ لەو دەڤەرە تەنانەت لە نەبوونی ئۆپوزیسیۆنیشدا بیانویەک بۆ کوشت وبڕ و دڵەڕاوکێ و نەبوونی ئارامی بوونی هەبێ، زۆرجار جگە لە خەڵکی سڤیل، کرێکار وکارمەندی ناوەندە حکوومییەکانیش بەشێکن لە قوربانی ئەو سیاسەتە پاوانخوازانە و ئەم هەرێمانەیش هەموودەم وەکوو جەرگەی شەڕ وکارەسات دەمێنێتەوە.

بەپێی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە دەسپێکی ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە سێ کۆڵبەر و هاوڵاتییەک و کارمەندێکی سڕینەوەی مین، سەرجەم ۵ کەس بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان