KMMK:
ڕۆژی دووشەممە ۸ی ڕێبەندانی ۱۳۹۷ی هەتاوی کۆڵبەرێکی کورد بەناوی حسێن بلخکانلوو ئەقدەم لەناوچەی سنووری شاری ماکۆ لەنێزیک گوندی یارم قیەی سەر بە گەورەدێی درەسی بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرا.
بەگوێرەی هەواڵەکە ،کە کۆڵبەر نیووز پشتڕاستی کردۆتەوە گرووپێک کۆڵبەر سەرقاڵی کاری کۆڵبەری بوون و لە بۆسەی ئەم هێزانەی کۆماری ئیسلامی دەکەون و دەسڕێژیان لێدەکرێ.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ۷ی ڕێبەندان کۆڵبەرێکی دیکە بەناوی خالید سەربە گوندی خافوورەدێ سەربەشاری بانە بەهۆی کەوتن بەسەر میندا لەناوچەی هەنگەژاڵ بریندار بوو( ئەم کۆڵبەرە هاوکات لەگەڵ کۆڵبەرێکی دیکە بەناوی ئەسعەد زەمانی کە هەواڵی پەڕینی پێی بڵاو کرایەوە ، بەسەر یەک میندا کەوتوون).
بەپێی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە سەرەتای ساڵی نوێی زاینییەوە تا ئێستە ۳٣ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان بەهۆی تەقە و سەرما ومین وکەوتنە خوارەوە لە بەرزاییەکان خەساریان پێگەیووە و بریندار بوون وکوژراون.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان