kmmk:
کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی، کرێکاری وژنان لە شاری سنەوە وەکوو سەید خالید حسێنی وموزەفەر ساڵح نیا چالاکی کرێکاری و سیمین چایچی شاعیر وچالاکی مافی ژنان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بانگهێشت کراون.
شیاوی باسە لەگەڵ نێزیک بوونەوەی ۸ی ماڕس و نەورۆز شەپۆلی بانگهێشت، دەستبەسەری وهەڕەشەی چالاکانی کورد لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەرەی سەندووە.
جێی بیرهێنانەوەیە کە لە ڕۆژانی ڕابردوو پتر لە ۳۵ کەس لە گەنجانی شارۆچکەی نێ سەربە مەریوان بانگهێشتی ئیدارە ئیتلاعات و هەڕەشەیان لێکرابوو لەسەر ئەوەی لە ڕێ و ڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵ بەشداری نەکەن.
بە پێی هەڵکشانی شەپۆلی دەستبەسەری و بانگهێشتی چالاکانی کورد لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە، ئامانجی حکوومەتی ئێران هێنانە ئارای کەشی ترس و دڵەڕاوکێیە لە ئاسانەی ڕۆژی ۸ی ماری و نەورۆز کەهەر ساڵە لەم بۆنانەدا ڕێژەیەکی بەرچاو لە چالاکانی کورد بە بیانووی ئەمنییەتی دەستبەسەر و دەکەونە بە ئازار و ئەشکەنجە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان