برینداربوونی چەند کۆڵبەر وکاسبکاری کورد لەناوچە سنوورییەکان

kmmk:
سێ شەممە ۱۳ی گەڵاڕێزانی ۱۳۹۷، هێرش کرایە سەر گرووپێک لەکۆڵبەران و بەهۆی تەقەی هێزە چەکدارکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەی کانی زەردی سەربە شاری سەردەشت کۆڵبەرێک بە ناوی جافر مونیر، تەمەن ۲۸ساڵ وخەڵکی ناوچه ی سەردەشت و فیشەکێک بەرپێی کەوت وبریندار بوو.

بەگوێرەی هەواڵە کە کۆڵبەرنیووز پشتڕاستی کردۆتەوە هەر لەو ناوچەیە کاسبکارێکی دیکە بە ناوی هادل شافێعی، فیشەکی بەرکەوت وبریندار بوو.
هەروەها لە سنووری ورمێ ڕۆژی هەینی ۹ی گەڵاڕێزان بەهۆی دەسڕێژی هێزەکانی هەنگی سنووری کۆماری ئیسلامی کۆڵبەرێک بەناوی جبڕائیل ئەحمەدی، خەڵکی ناوچەی سۆمای ورمێفیشەکی بەرکەوت وبەگرانی بریندار بوو.
لە سنووری پیرانشاریش گرووپێک کۆڵبەر کەوتنە بۆسەی هێزە سنوورییەکانەوە وکۆڵبەرێک بە ناوی شەریف مەحبووب تەمەن ۳۲ساڵ کوڕی قادر فیشەکێک بەر کەمەر کەوت وبەگرانی برینداربوو.

شیاوی باسە کوشتن و هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆسەر گەلی کورد بە شێوەی جیاجیا وبەتایبەت لەناوچە سنوورییەکان بووە بە نەریتێکی ڕۆژانە و ئاسایی و وەکوو پڕۆسەیەکی قەڵاچۆکردن وژینۆساید بەردەوامە.
بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامی بەئاشکرا بانگەشەی لێدانی کۆڵبەر وکاسبکاران دەکەن و هەموو ناوەندە مافی مرۆییە جیهانییەکانیش هەواڵەکان دەبیستن و هەموو لا کپ وبێدەنگە لەئاستی ئەم جینایەتەی کۆماری ئیسلامی ئێران.

بەگوێرەی ئاماری ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی مرۆڤی کوردستان لەسەرەتای ساڵی ۲۰۱۸ی زایینی تائێستە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ۵۶ کۆڵبەر وکاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانیان لە دەست داوەو ۹۴ کۆڵبەریش بریندار بوون کەسەرجەم دەبێتە ۱۵۰ کەس خەساریان بەرکەوتووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان