حوکمی بڕینی دەستی زیندانییەک گەیشتە بەشی جێبەجێکاری حوکمەکان

kmmk

لقی ۱۱۲ی دادگای گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەشاری ورمێ پێشووتر زیندانییەکی ۳۷ساڵ تەمەنی بەندکراو لە زیندانی ئەم شارەی بەتۆمەتی دزی لە ماڵان بە بڕینی قامکەکانی دەستی ڕاست وزیندانی مەحکووم کردبوو.پێی کوتراوە کەحوکمەکەی لەم ڕۆژانەدا ڕاگەیەندراوە بەیەکەی جێبەجێکاری حوکمەکان لەم زیندانە.

بڕینی دەست لە کۆی ئەو بابەتانەیە کە کەرامەت وشکۆی مرۆیی تێک دەشکێنێ و کونڤانسیۆنی نێونەتەوەیی مافی مەدەنی وسیاسی بەئاشکرا ،کەڵک وەرگرتن لە سزای نامرۆیان وقڕێژی قەدەغە کردووە.

مورتەزا ئیسماعیلیان ، جەڵکی ورمێ لەساڵی ۹۲ بەتۆمەتی دزی لە چەندد ماڵ دەسبەسەر کرا و لەساڵی ۹۴ لەلایەن لقی ۱۱۲ی دادگای گشتی ورمێ بە ۱۵ساڵ زیندانی وبڕینی قامکەکانی دەستی ڕاستی مەحکووم کرا.

لەحەوتووی ڕابردوو یەکێک لە بەرپرسانی یەکەی جێبەجێکاری حوکمەکانی زیندان بەم زیندانیەی ڕاگەیاند کە حوکمەکەی پەسەند کراوە وبۆجێبەجێ کردنی بەم یەکەیە ڕاگەیەندراوە هەربۆیە دەبێ بەزوویی چاوەڕێی جێبەجێ کردنی حوکمی بڕینی دەستی ڕاستی خۆی بێت.

ئەم زیندانییە هەنووکە ۳۷ساڵی تەمەنە و خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵە.ناوبراو لە پێشینەی پێشووتری دزی هەیە ،لەساڵی ۹۲ بە دزی کردن لەچەندد ماڵ تاوانبار ودەسبەسەر کرا.

هەروەها جێی بیرهێنانەوەیە لەڕێکەوتی ۱۸ی ڕەزبەریش دیاریکردنی بڕینی دەست بۆ تۆمەتبارێکی دیکە لەشاری ورمێ پشتڕاست کرابوویەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان