KMMK:
ئەوڕۆ هەینی ۱۶ی خەرمانانی ۱۳۹۷ی هەتاوی لەگرتە ڤیدیۆیەکدا دایکی زانیار
ڕوونکردنەوە دادات ودەڵێ پاش ئەوەی ئەندامێکی بنەماڵەکەیان چاوپێکەوتنی لەگەڵ زانیار ولوقمان مورادی کردووە، هەردووکیان لەخواردن مانیان گرتووە و بەرپرسی زیندان کوتوویە دەیان گەڕێننەوە بۆ ناوبەند بەڵام زانیار کوتوویە درۆ دەکات وئێمەیان بۆ ئێعدام گواستۆتەوە وپێمان ڕاگەیەندراوە کە ڕۆژی شەممە ئێعدام دەکرێن، هەروەها دایکی زانیار داوا لەهەموو لایەک ، خەڵکی ئازادیخواز، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و…دەکات بەهانایانەوە بچن .
بەگوێرەی زانیارییەکان ڕاگواستنی ئەو دووکەسە بۆ ژووری تاکەکەسی سپا هەر بۆئەو مەبەستەیە.
جێگەی باسە مانگ ونیوێک بەرلە ئێستە باوکی زانیار ومامی لوقمان بەڕێز ئێقباڵ مورادی کە چالاکوانی مافی مرۆڤ بوو وهەروەها کاراترین کەسایەتی پشتگیری لە زیندانیانی مەحکووم بەئێعدام وکەیسی زانیار ولوقمان کە تەنیا تاوانی ئەوان خزمایەتی لەگەڵ بەڕێز ئێقباڵ مورادی دا بوو ،لە پێنجوێی باشووری کوردستان لەلایەن دەست وپێوەندەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ترۆر کرا.
ئێمە وەکوو کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە هەموو گەلی کورد وگەلانی ئازادیخواز وکەسایەتی سیاسی ومەدەنی وچالاکوانانی مافی مرۆڤ دەکەین لەهەمبەر ئەم کردەوە دژمرۆییە هەڵوێست بگرن وڕێگە نەدەن بنەماڵەی ئێقباڵ مورادی لەوە زیاتر ژان وکۆسپی لەدەستچونیان پێ بگات.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان