KMMK:
بە پێ ڕاپۆرتی فەرمی دەزگا حوکمییەکان، ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ۱٦۰ تەن زەعفەران بە نرخی ۲۱۹ ملیۆن دۆلار هەناردەی ٥٦ وڵاتی دونیا کراوە.
ئەگەرچی مەڵبەندی سەرەکی زەعفەران دەشتەکانی کوردستان بووە بەڵام بە درێژایی کات و بە پێ سیاسەتی وڵاتانی داگیرکار لە کوردستان دوور خراوەتەوە و گوازراوەتەوە بۆ پارێزگای خوراسان لە ئێران، لە کاتێکدا کەشوهەوای کوردستان زۆر سازگارتر و بەکەڵکترە بۆ بەرهەمهێنانى ئەم گیایە.
ئەندازیارێکی کشت و کاڵ لە رۆژھەڵاتی کوردستان دەبێژێ: “پاش تاقیکردنەوەی ئەوەی کە باشترین بەرهەم بۆ کەشوهەوای کوردستان چییە و چ جۆرە بەرهەمێک قازانجى لەسەر داهاتى جووتیار و خەڵک هەیە، هەوڵی بەرهەمهێنانی زەعفەرانمان دا ، بەڵام یەکێک لە کاربەدەستانی بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵ ڕاشکاوانە پێى گوتین کە لە سەرووی خۆمانەوە فەرمانمان پێ دراوە نەهێڵین زەعفەران لە کوردستان بەرهەم بهێنرێت، بەڵام ئێمە پاش پێداگرییەکی زۆر و بێ هاوکارى ماددى بەڕێوەبەرایەتى کشتوکاڵ ئێستا سێ ساڵە خەریکی چاندنی زەعفەرانین و زۆریش بەسوود بووە و سەرکەوتوو بووین.”
دروستکردنی بەنداو و گوێپێنەدان بە ئاو لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان، و هەناردەی ئاو بۆ پارێزگاکانی ئێران و بەرهەمهێنانی لەڕادەبەدەری پەتاتە و وێنجە و شووتی کە ئاوێکى زۆرى پێویستە, بوونە هۆکاری بێ ئاوی، ئەوە لە کاتێک دایە کە چاندنی زەعفەران هەم ئاوی کەمی پێویستە هەم بەسوودترە.
چالاکانی ژینگەیی کوردستان دەڵێت: “بۆ بەرهەمهێنانی یەک کیلۆ پەتاتە ٦۰۰ تا ٨۰۰ لیتر ئاو پێویستە، بەڵام زەعفەران گیایەکە کەمترین ئاوی پێویستە و هەر ئەو بارانەی لە کوردستان دەبارێ بەسە بۆ بەرهەمهێنانى باشترین زەعفەران.
مافیای زەعفەران ساڵەهایە لە بن دەستى تاقمێکی تایبەتە و ڕێگەى بەرهەمهێنانی لە شوێنەکانی دیکەو بەتایبەت لە کوردستان بە کەس نادەن هەروەها ڕوانینێکى دیکە لەسەر دۆخی هەناردەکردنی زەعفەران هەیە کە نیشاندەری ئەوەیە بازرگانانی ئەم بەرهەمە جیا لە قازانجی خۆیان.
کۆمەڵێک لە خوێندکارانی بواری کشتوکاڵ سەرەڕای هەڕەشە و ئاستەنگی حکومەتی ئێران هەوڵی بووژانەوەی کشتوکاڵ و ژینگەی کوردستانیان دەدەن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان