KMMK: زەینەب جەلالیان ، زیندانی سیاسی کوردی مەحکووم بە زیندانی تاهەتایی دوابەدوای تیرۆری ئێقباڵ مورادی، باوکی زیندانی سیاسی مەحکوم بە ئێعدام زانیار
مورادی،نامەیەکی ئاراستەی ئەم زیندانییە سیاسییە کردووە.ئەم نامەیە لەلایەن تۆری مافی مرۆڤی کوردستانەوە بڵاو کراوەتەوە کە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وەکوو خۆی دەقاودەق بڵاو دەکاتەوە.
دەقی نامە:
ئەو دەستانەی لەخوێنی گەنجانی نیشتمانمان گەوزاون ئەوڕیش دیسانەوە باوکێکی تێکۆشەر و بەخۆدەری لێ وەر گرتێنەوە.
زانیاری خۆشەویست برینەکانم دەبەخشم بەتۆ ئەمە باشترین خەڵاتی ژیانە بۆمن، چونکە هەرکام لەو برینانە هێمای هەنگاوێک بۆ پێشەوەیە لەڕێی گیان بەختکردوانی ڕێی ئازادی کە هاوشێوەی دار سنەوبەر هەموو دەم سەوزەکانی نیشتمانمانن.
سنەوبەر لەگەڵ هەموو دارەکان جیاوازترە چونکە سنەوبەر هەرچەندیش گەڵاکانی بڕژێ،سەوزتر و ڕاوەستاوتر دەبێت.نەسەرمای سوتێنەری زستان ئەتوانێ لە گەشەی بخات، نە گەرمای هاوینیش توانای بەرنگاربوونەوەی لەگەڵی هەیە.
بەڵێ زانیاری خۆشەویست بۆهەر شوێنێکی ئەم نیشتمانە هەنگاو هەڵدەگرم ، نیشانەیەک لە گیان بەختکردوان ڕێی ئازادی کوردستان دەبینم.
کێوە سەخڵەت وئاستەمەکانی ماکۆ، شیرین عەلەم هوولی خۆشەویست وهاوڕێی سەردەمی منداڵیم بیردەخاتەوە وکێوە بەرزەکانی هەورامانیش هەڤاڵی زۆر هێژام فەرزادکەمانگەر و ئاویەری میوانگر فەرهاد وەکیلی باوکی هەورام، هاوڕاز و هێنگامە.
ئەوڕۆیش هارمۆنیای دەنگی باوکی گیانباز و لەخۆبردوومان، ئەم سەمفۆنیا بەشکۆ وناوازەیە کە گوێی جیهانیان دەئاخنێ.
بەڵێ هەڤاڵی خۆشەویستم ئەمەم کوت بۆئەوەی بزانی هاودەردی تۆم ونەمری وهەرمانی باوکی خۆشەویستتان لێ پیرۆز دەکەم .
تیرۆری باوکت، ئێقباڵ مورادی باوکێکی دڵسۆز و لەخۆبردوو، کە لە ڕاستیدا تیرۆری ئەو دەستانەیە کە یارمەتیدەر و بەهاناوەچووی مرۆڤایەتییە،تۆ بە کۆڵنەدان و لەخۆ بردوویی بووی بە میراتگری ئاڵای ئەم خەباتکارانەی ڕێی ئازادی.
سەرەڕای مەحکووم کردنی ئەم تیرۆرە،لەودیووی مێڵەکانی زیندانەوە بەڵێنێکی سەرلەنوێ دەدەم تا مسۆگەر بوونی ئامانجی ئەم گیان بەختکردوانە کە شتێک نییە جگە لە ئازادی،درێژەدەری بەخەبات وبەرنگاربوونەوە بم.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان